بارزانی هۆشداریی دەدات؛ كوردستان‌و عێراق بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە

09-01-2020 07:14
مەسعود بارزانی


پەرەگراف

مەسعود بارزانی هۆشداریی دەدات لەوەی نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی بەهێز بوونەوەی تیرۆر، ئەوەش پێچەوانەی بۆچوونی فەرمیی حكومەتی عێراق كە تەئكید لە چوونەدەرەوەی هێزی هاوپەیمانان دەكات لە وڵاتەكەی.

هۆشدارییەكەی بارزانی لەكۆبوونەوەیەكی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ دەیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك و شاندێكی یاوەری. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بارەگاكەی، بارزانی ڕۆشنایی خستووەتەسەر ڕۆڵی گرنگی هاوپەیمانان لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی تیرۆر، "هۆشداریی ئەوەیشی دا كە نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر تیرۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆر بەهێز ببێتەوە".

هێزە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداریی كوردو سوننەكان، بڕیارێكیان پەسەند كردووە كە داوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دەكات، ئەوەش لە كاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە لە بەغداد.

لە دواین لێدوانیدا عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەبارەی بوونی ھێزە بیانییەكان وتی: پێكدادن ڕوودەدات ئەگەر ھێزە بیانییەكان نەچنە دەرەوەی عێراق، وتیشی: داعش لە نەمانی تەواوەتیدایەو ئێستا ھێزەكانی ناوخۆ بەھێزن و دەتوانن عێراق بپارێزن.

كورد چەند جارێك ناڕەزایی پیشانداوە لەو بڕیارە، دوێنێش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم‌و حیزبەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كۆكبوون لەسەر ئەوەی عێراق پێویستی بە پشتیوانیی ھاوپەیمانانە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش كە ئێستا سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەیە.

هەروەها سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن: لەگەڵ ھێوركردنەوەی دۆخەكەو پشتیوانیی ھێزی نێودەوڵەتین لە عێراق و كوردستان.

ئەمریكا نایەوێت لە عێراق بكشێتەوەو ناڕەزایی پیشانداوە لە بڕیارەكەی پەرلەمان، بەڵام هێزە شیعەكان فشاری بەردەوام دەكەن بۆ چوونە دەرەوەی ئەمریكاو تەواوی هێزە بیانییەكان.

لە كاردانەوەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی ھێزە بیانییەكان كە ئامانج لێی هێزەكانی ئەمریكایە، دۆناڵد ترەمپ ھەڕەشەی سزادانی "زۆر تووندو بێوێنە" لە عێراق دەكات.

سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەگەر عێراق ھێزەكانیان ناچار بە جێھێشتنی ئەو وڵاتە بكات، سزایەكی زۆر تووندی عێراق دەدەن كە پێشتر وێنەی نەبووبێت و قورستر لەوەی بەسەر ئێراندا سەپێندراوە.

ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتیشی: ئەمریكا بنكەیەكی ئاسمانیی لە عێراق ھەیە كە چەندین ملیار دۆلار لە دروستكردنیدا خەرج كراوەو عێراق بەجێناھێڵن ھەتا پارەی تێچووی ئەو بنكەیە نەداتەوە بە ئەمریكا.

ترەمپ ھۆشداریی ئەوەیشی دا كە ئەو چاوەڕوانی پێبژاردنی ئەو بنكە ئاسمانییە دەكات لەلایەن عێراقەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی نامەیەكی سوپای ئەمریكا كە ئاڕاستەی ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگریی عێراق كراوەو میدیاكان‌و ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە وەك نامەی ئاگاداركردنەوەی عێراق كە گوایە ئەمریكا دەست بە ئامادەكاری دەكات بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق. مارك ئێسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاند، هیچ پلانێك لە ئارادا نییە بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانەوە دزەی كردووە-ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی تێدا درا-، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی دەدات لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.

محەمەد حەلبوسی چووەتە ناو پەرلەمانتاران و ھۆشداریی داوە لەوەی دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا ھەنگاونانی عێراق بێت بەرەو دواوە.

حەلبوسی ڕووەو عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت"یەكێك لەو هەنگاوانەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەینێت بریتییە لە وەستانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ عێراق، هیوادارین بەڕێزتان ئەمە بۆ پەرلەمانتاران روون بكەنەوە. ڕەنگە نەتوانین پابەندبین بەوەی لە ئەستۆماندایە لەڕووی داراییەوە بەرامبەر بە ھاووڵاتییانمان لەھەر ساتێكدا بێت".