ئێران: فڕۆكەی ئۆكرانییەكە بە مووشەك خراوەتە خوارەوەو داوای لێبوردن دەكەین

11-01-2020 09:51
تیمە فریاگوزارییەكانی ئێران لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە لە باشوری تاران


پەرەگراف

بەرپرسانی باڵای ئێران خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە كە بەهۆیەوە 176 كەس مردن، بۆ "هەڵەیەكی مرۆیی" هێزە سەربازییەكانیان دەگەڕێننەوەو دەڵێن، بە مووشەكی سیستمی بەرگریی وڵاتەكەیان خراوەتە خوارەوەو داوای لێبوردن دەكەن، حەسەن ڕۆحانی دەڵێت: ئەو هەڵەیە مایەی لێخۆش بوون نییە.

فەرماندەیی گشتیی سوپای ئێران لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەو فڕۆكە ئۆكرانییەی چوارشەممە كەوتەخوارەوە لە ناوەندێكی سەربازیی هەستیار نزیكبووەتەوە و بەشێوەیەكی نەخوازراو و بە هەڵەیەكی مرۆیی فڕۆكەكە بەر مووشەكی سیستەمی بەرگریی ئێران كەوتووە.

بەپێی بەیاننامەكە، فڕۆكەكە كە لە فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران بەرەو ئۆكرانیا هەستاوە، بەنزمی بەسەر ئەو ناوەندە سەربازییەدا سووڕاوەتەوە.

هەرلە سەرەتاوە میدیاكانی ئەمریكا ئەوەیان خستە ڕوو كە فڕۆكەكە بە مووشەك خراوەتە خوارەوە، بەڵام دامودەزگاكانی ئێران ئەوەیان ڕەت دەكردەوە، دواتر سەرۆكی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناویاندا؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاو جەستن ترۆدۆ سەرۆكوەزرانی كەنەداو بۆریس جۆنسن سەرۆكوەزیرانی بەریتانیان هەمان شتیان دووپات كردەوەو ڕووداوەكەیان بۆ ئەنجامدانی هەڵەیەك‌و سیستمی مووشەكی ئێران گەڕاندەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆككۆماری ئێران بەیانیی ئەمڕۆ لە توویتێكدا ڕایگەیاند "لێكۆڵینەوەكانی هێزە چەكدارەكان بەو ئەنجامە گەیشتوون كە بەداخەوە هەڵەیەكی مرۆیی بووەتە هۆی تێكشكانی فڕۆكە ئۆكرلنییەكە و گیانلەدەستدانی 176 كەسی بێتاوان".

ڕۆحانی، دەشڵێت "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ دیاریكردن و دادگایی كردنی ئەم هەڵەیەی كە مایەی لێخۆشبوون نییە"، ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئێران لە ناخەوە لەم هەڵە كارەساتبارە پەشیمانە.

گرتەی ڤیدیۆیی چرکەساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە توویتێكدا داوای لێبووردنی كرد.

محەمەد جەواد زەریف نووسیویەتی، ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی هێزە چەكدارەكان ئەوەیە كە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بەهۆی هەڵەیەكی مرۆییەوە بووە، پەشیمانی قووڵمان، داوای لێبووردن و سەرەخۆشی لە خەڵكی خۆمان و خێزانی قوربانییەكان و ئەو نەتەوانەی دیكە دەكەین كە خەڵكیان لە ڕووداوەكەدا بوونە قوربانی.

كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە چەند كاتژمێرێك دوای هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بوو كە دوو بنكەی سەربازیی ئەمریكای لە عێراق كردە ئامانج.

سەرنشینانی فڕۆكەكە 82یان ئێرانی‌و 63 یان كەنەدی، 11 ئۆكرانی، 10 سویدی، 7 ئەفغانیی‌و 3 ئەڵمانی‌ بوون. لەناو سەرنشینە ئێرانییەكاندا چەند كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەبوون، دوو خێزانییان تێدابوو كە بە سەردان گەڕابوونەوە بۆ ڕۆهەڵات.