خۆپیشاندەرانی تاران وێنەی قاسم سلێمانییان دڕاند

كەڕووبی بۆ خامنەیی: مەرجی ڕابەریت تێدا نییە
12-01-2020 12:16


پەرەگراف

دژی خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، خۆپیشاندان چەند شارێكی ئێرانی گرتەوەو دروشمی تووند دژی دەسەڵاتداران‌و ڕژێمی ئەو وڵاتە گوترایەوەو وێنەی قاسم سلێمانی دڕێندرا كە چەند ڕۆژێكە ئێران لە پرسەدایە بۆی.

ناڕەزاییەكان سیاسییە دیارەكانی ئێرانیشی گرتەوەو مەهدی كەڕووبی، سەركردەی سیاسیی ڕیفۆرمخوازی ئێران ڕووەو عەلی خامنەیی دەڵێت: مەرجی ڕابەریت تێدا نییە.

ئێوارەی هەینی خۆ‌پیشاندانی خوێندكاران لە بەردەم زانكۆی ئەمیر كەبیری تارانی پایتەختی ئێران دەستی پێكرد، دواتر خۆپیشاندان لە ناوچەكانی دیكەی تاران سەری هەڵدا، لەوانە زانكۆی پیشەسازیی شەریف، زانكۆی تاران، ناوچەكانی تاڵقانی و وەلیعەسر.

بەشی فارسیی ماڵپەڕی ئیندیپێندت دەڵێت "خۆپیشاندان لە شارەكانی هەمەدان، ئەسفەهان، ڕەشت و ساری" ئەنجام دراوە.

هەروەها بەشی فارسیی ماپەڕی بی بی سی بڵاوی كردووەتەوە كە لە شارەكانی "بروجەرد، كرمان، شیراز و زنجان"یش خۆپیشاندان بەڕێوە چووە.

خۆپیشاندەران چەندین دروشمی توندیان دژی دەوڵەت و سوپای پاسداران وتەوە، تێیدا داوای دەستلەكاركێشانەوەی فەرماندەی سەرجەم هێزەكانی ئێرانیان كرد كە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە. هەروەها سوپای پاسدارانیان بە "بێتوانا و مایەی سەرشۆڕیی میللەت" ناو برد.

لە بەرانبەر شاردنەوەی ڕاستیی ڕووداوەكەش لە سەرەتادا، خۆپیشاندەران دروشمی "مردن بۆ درۆزن"یان وتەوە.

دروشمێكی دیكەی خۆپیشاندەران داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو لەسەر دەستووری ئێران.

خۆپیشاندەرانی تاران وێنەیەكی قاسم سلێمانی، فەرماندەی كوژراوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیان دڕاند و خامنەیی و سولەیمانییشیان بە "بكوژ" ناو برد.

هاوكات مەهدی كەڕووبی، سەركردەی سیاسیی ڕیفۆرمخوازی ئێران، لە نامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕوو لە خامنەیی دەڵێت "یان ئاگات لە كارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بووە و ڕێگەت بە فریودانی خەڵك داوە، یان لێی بێخەبەر بوویت، كە لە هەردوو بارەكەدا بەپێی دەستوور هیچ كام لە مەرج و سیفاتەكانی ڕابەریت تێدا نییە".

كەڕووبی دەشڵێت "خامنەیی وەكو فەرماندەی هەموو هێزەكانی ئێران، لەم بابەتەدا بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی لە ئەستۆدایە".

هەروەها ئەمریكا پەیامی پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ڕاگەیاند، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڤیدیۆیەكی خۆپیشاندانەكەی لە تویتەری خۆی بڵاوكردووەتەوەو لەسەر نووسیوە، هاواری خەڵكی ئێران ڕوونە، ئەوان بێزاربوون لە "درۆ، گەندەڵی و گەوجاندن‌و دڕندەیی" ڕژێم‌و سوپای پاسداران لە ژێر حوكمی خامنەییدا.

دوای سێ ڕۆژ لە شاردنەوەی ڕاستییەكان، دوای سێ ڕۆژ شاردنەوەی ڕاستییەكان، ئێران بەفەرمی ڕایگەیاند، فڕۆكە ئۆكرانییەكە بەھۆی ھەڵەیەكی سیستمی مووشەكیی وڵاتەكەی خراوەتە خوارەوە. فڕۆكەكە لە باشوری تاران خرایە خوارەوەو سەرجەم سەرنشینەكانی كە ١٧٦ كەس بوون مردن.

ڕووداوەكە كاردانەوەی فراوانی نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوە بەو پێیەی زیاتر لە نیوەی قوربانییەكان خەڵكی وڵاتانی دیكەن ‌و لەپاڵ ڕەگەزنامەی ئێرانیدا ڕەگەزنامەی وڵاتی دیكەشیان هەیە، سەرنشینانی فڕۆكەكە 82یان ئێرانی‌و 63 یان كەنەدی، 11 ئۆكرانی، 10 سویدی، 7 ئەفغانیی‌و 3 ئەڵمانی‌ بوون. لەناو سەرنشینە ئێرانییەكاندا چەند كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەبوون، دوو خێزانییان تێدابوو كە بە سەردان گەڕابوونەوە بۆ ڕۆهەڵات.

خۆپیشاندانەكە