ناوەڕۆكی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتيی سەركردایەتی یەكێتی

14-01-2020 02:06
یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی یەكێتی


پەرەگراف

لە یەكەم كۆبوونەوەدا ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی یەكێتی لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، دوو هەفتە دیاریكراوە تا لیژنەكە پڕۆژەی پەیڕەوەكە بخاتەوە بەردەم سەركردایەتی بۆ پەسەند كردن.

ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ كۆبووەوە، ئەوە یەكەم كۆبوونەوەیان بوو لە دوای هەڵبژاردنیان لە كۆنگرەی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەیەكی باڵای 20 كەسیی بە دەنگدان هەڵبژێردران بۆ ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار بكەنەوە.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی‌و سەرپەرشتیاری یەكەم كۆبوونەوە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی"لیژنەكە دەبێت لەماوەی دوو هەفتەدا پەیڕەوی ناوخۆ هەموار بكەنەوە و دواتر لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی دا بخرێتەڕوو بۆ دەنگدان لەسەری".

لە گرنگترین كارەكانی بەردەم ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی یەكێتی، هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە كە لە كۆنگرە پەسەند كراوە‌و تێیدا میكانیزمی دیاریكردنی سەرۆك‌و جێگرو پۆستە باڵاكانی حیزبەكە جێگیر دەكرێن، هەروەها دەسەڵاتی دامەزراوەكان دیاریی دەكرێن كە یەكێك لەوانە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسییە كە كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، دوای 10 ڕۆژ پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆ دەبەنەوە بەردەم سەركردایەتی‌و دوای پەسەند كردنی دەست بە جێبەجێ كردنی دەكرێت.

"دەتوانین پێداچوونەوەیەكی گشتی بكەین‌و ئەو گۆڕانكارییانەی پێویست‌و گرنگن دەچەسپێندرێن" فەرید ئەسەسەرد وای وت، وتیشی، ئەوەی دەیهێننەوە بۆ بەردەم سەركردایەتی هەر پڕۆژەیە، ئەوەی لیژنەكە لەسەری ڕێك نەكەوت بە زیاتر لە بۆچوونێكەوە دەیبەنەوە بۆ بەردەم سەركردایەتی بە مەبەستی یەكلایی كردنەوەی.