شاسوار عەبدولواحید 48 كاتژمێر مۆڵەت دەدات بە 3 پەرلەمانتاری نەوەی نوێ

20-01-2020 11:36


پەرەگراف

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ماوەی 48 كاتژمێر مۆڵەت دەداتە 3 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمان كە فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پڕبكەنەوە، بەپێچەوانەوە لە فراكسیۆنەكە "دەردەكرێن".

شاسوار عەبدولواحید لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، ئێستا فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمان 7 كەسن‌و چواریان فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینییان پڕكردووەتەوە.

"لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنمان بە خەڵك داوەو سوێندمان خواردووەو بەڵێننامە پڕكراوەتەوە كە خانەنشینیی پەرلەمانتار ڕەتدەكەنەوە، ئەوەی ئێستا ئەو كارە نەكات‌و لەگەڵ سوێندخواردن‌و بەڵێن‌و بەڵێننامەكەی خۆی ڕاستگۆ نەبێت‌و خیانەتیان لێ بكات لە نەوەی نوێدا جێگای نابێتەوە" شاسوار وای وت.

وتیشی "هەربۆیە 48 كاتژمێر مۆڵەت دەدەینە ئەو 3 پەرلەمانتارەی دیكە بۆئەوەی فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینیی پڕبكەنەوە، بەپێچەوانەوە دەردەكرێن‌و لە نەوەی نوێدا جێگایان نابێتەوە".

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند"ئەو 3 پەرلەمانتارە هەریەكە لە؛ مەم بورهان قانع، دیاری ئەنوەر‌و سیروان حەمەشەریف(سیروان بابانن)".

پڕۆژە یاسای چاكسازیی هەفتەی ڕابردوو بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەند كراو بوو بە یاسا، فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان دەنگیان بە كۆی پڕۆژە یاساكە دا و هەرسێ‌ فراكسیۆنی كۆمەڵ، یەكگرتوو و نەوەی نوێ بەر لە دەنگدان بە كۆی پڕۆژە یاساكە، دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بایكۆت كرد و دەنگیان پێ‌ نەدا.

خەڵكی كوردستان‌و ڕایگشتیی چاویان لەسەر خانەنشینیی پلە باڵاكان بوو، پێنج پێشنیار لەو بارەیەوە هەبوون‌و ئەو پێشنیارە پەسەند كرا كە ڕای لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو، 84 دەنگی بەدەست هێنا.

مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە باڵاكانی دیكە، بەو جۆرە جێگیر كرا كە بە لە سەدا 15 لە كۆی مووچەو دەرماڵەی ئەوەی لە كاتی خزمەتدا وەریدەگرن خانەنشین بكرێن، هەروەها ڕێژەی لەسەدا 1.5 دەخرێتەسەر موچەكەیان بۆ هەر ساڵێكی خزمەت، لەبارەی بڕوانامەكانیشیان بۆ بڕوانامەی ئامادەیی سەدا 1، بڕوانامەی دبلۆم سەدا 2، بەكالۆریۆس لە سەدا 4، دبلۆمی باڵاو ماستەر لەسەدا 6، دكتۆرا لە سەدا 8، دەخرێتەسەر موچەی خانەنشینییەكانیان.

بەكۆی گشتی نابێت مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان، زیاتر بێت لە لەسەدا 50ی ئەو مووچەیەی لەكاتی خزمەت‌و پێش خانەنشین بوون وەریدەگرن.

هەروەها بە مەرجی 15 ساڵ خزمەت‌و تەمەنی 45 ساڵ خانەنشین دەبن، لە یاساكەدا ئەوەش جێگیر كراوە كە ئەو ئەندامانەی پەرلەمان كە خانەنشین بوون ڕەتدەكەنەوە، دەتوانن لە ماوەی 30 ڕۆژدا فۆرمێكی تایبەت پڕبكەنەوەو وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیی ڕەتبكەنەوە.

هەروەها هەموو ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی یان بەپلەی بەرزتر لەپلەی شایستەی خۆیان خانەنشین كراون یان لەسەر بنەمای ئەژماركردنی نایاسایی ساڵانی خزمەت خانەنشین كراون، هەڵدەوەشێنەوە.