كوژراو و بریندار هەن؛ هێزە ئەمنییەكان پەلاماری خۆپیشاندەرانی عێراق دەدەن

25-01-2020 06:51
حۆپیشاندەران لە بابل ئاگریان لەسەر ڕێگای سەرەكیی بەغداد - بابل كردەوە


پەرەگراف

هێزە ئەمنییەكانی عێراق پەلاماری گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان دەدەن لەناویاندا گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، بە گازی فرمێسك ڕێژ‌و گوللە هێرشیانكردەسەر خۆپیشاندەران بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە ناڕەزاییەكان، 4 كەس كوژراون‌و دەیانی دیكە بریندار بوون.

دوای كشانەوەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی خۆپیشاندەران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، خۆپیشاندانەكان لە چەند شارێكی عێراق ڕوبەڕوی هێرش‌و پەلاماردان بوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەهات دوێنێ ڕابەری ڕەوتی سەدر پشتی كردە خۆپیشاندەران‌و ڕایگەیاند، نە بە باش‌و نە بە خراپ دەستێوەردان لە كارەكانیان ناكات‌و تۆمەتباری كردن بەوەی لە دەرەوەی وڵاتەوە پشتیوانییان دەكرێت.

تۆمەتەكانی سەدرو دەستبەرداربوونی لە خۆپیشاندەران، دوای ئەوەبوو خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكان كە 4 مانگە داوای چاكسازیی دەكەن‌و بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕین، دوێنێ ڕەتیان كردەوە بەشداریی خۆپیشاندانەكەی ڕەوتی سەدر بكەن كە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بەڕێوەچوو.

لە دوای كشانەوەی سەدرییەكان كە پێشتر لەژێر ناوی كڵاوشینەكان گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانیان دەپاراست لە هێرشی هێزە ئەمنییەكان‌و گروپە نەناسراوەكان، لە چەند شارێكی گەورە گۆڕەپانی سەرەكیی خۆپیشاندەران كەوتەبەر پەلاماردان‌و خێمەی خۆپیشاندەران سووتێندران، لەوانەش؛ بەغداد، بەسرەو كەربەلا.

هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ‌و گوللە دەیانەوێت بڵاوە بە خۆپیشاندانەكان بهێننەو گۆڕەپانەكان كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، بەڵام بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی چالاكانی خۆپیشاندانەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی دەكەنەوە، تائێستا هێزە ئەمنییەكان سەركەوتوو نەبوون لەو هەوڵانەیان.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە بەغداد لانی كەم كەسێك كوژراوەو زیاتر لە 30 كەسی دیكەش بریندار بوون لە پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەران لە نزیك گۆڕەپانی تەحریر، لە شاری ناسریەش 3 كوژراو و 14 برینداری دیكە هەن.

گرژییەكان دوای ئەوە دروست بوون هێزە ئەمنییەكان ئەو بەربەستە كۆنكرێتییانەیان لابردووە كە لە نزیك گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان هەبوون، هەروەها بە بەكارهێنانی هێزو توندوتیژی هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران‌و كردنەوەی ئەو ڕێگایانەیان داوە كە خۆپیشاندەران دایان خستوون.

ڤیدیۆ؛ خۆپیشاندەران لە بەسرە ھێزە ئەمنییەکان ڕاودەنێن