مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە؛ كوردستان چەند ڕێوشوێنێك دەگرێتەبەر

26-01-2020 11:39


پەرەگراف

توشبوان‌و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایەو وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بۆ ڕێگریی لە مەترسییەكانی ئەو ڤایرۆسە، چەند ڕێوشوێنێك دەگرێتەبەر.

بە واژۆی وەزیری تەندروستی هەرێم، ئەمڕۆ نووسراوێك ئاڕاستەی دامودەزگا تەندروستییەكان لە سەرتاسەری هەرێم كراو تێیدا 6 خاڵ دیاریی كراوە كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ڕێگریی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هەنگاوەكەی هەرێم لە كاتێكدایە بەردەوام ژمارەی توشبوان‌و ڕێژەی مردن بەو ڤایرۆسە لە بەرزبوونەوەدایە، ڤایرۆسەكە لە چەند پارێزگایەكی چین بە خێرایی بڵاوبووەتەوە بەتایبەت لە شاری ووهان.

بەپێی دواین ئامار لە چین زیاتر لە 50 كەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە مردوون، هەروەها 200 حاڵەتی ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە تۆمار كراوەو لە دەرەوەی چینیش 40 حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسەكە لە چەند وڵاتێك تۆمار كراوەو حاڵەتەكان لە ئەمریكا بەرزبوونەوە بۆ 5، هەروەها سەنگاپوورە، فەڕەنسا، ئوسترالیا، مالیزیا، تایلەند‌و ڤێتنام لەناو ئەو وڵاتانەدان كە زیاتر لە كەسێكیان تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی باری لەناكاوی لە چین ڕاگەیاندووەو سەرۆكی ڕێكخراوەكە بەرەو چین بەڕێكەوتووە تا لەنزیكەوە چاودێریی دۆخەكەو كۆنتڕۆڵكردنی بكات.

لە نوێترین زانیاریی لەبارەی ڤایرۆسەكە، بەرپرسانی چین دەڵێن، ڤایرۆسەكە توانای بڵاوبوونەوەو توشبونی بە مرۆڤ هەیە، بەرلەوەی نیشانەكانی لەسەر كەسی توشبو دەربكەوێت، ئەوەش زوو دەستنیشانكردن‌و چارەسەركردنی كەسی توشبو قورستر دەكات.

ڕێوشوێنەكانی تەندروستیی هەرێم

1- پتەوكردنی چالاكی پەتاگەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەی توند و كتوپڕ، بەتایبەتیش ئەو كەسانەی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە لە هەر خاڵێكی هاتنە ژورەوەوە دێنە كوردستان.

2- جەختكردن لەسەر جێبەجێكردنی پلانی هۆبەی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەی توندی كتوپڕ.

3- لە كاتی گومانی تووشبوون بەو نەخۆشییە پێویستە نموونەیەك یان زیاتر وەربگیرێت لە چەند كاتێكی جیاوازداو ڕەوانەی تاقیگەی تەندروستی گشتی بكرێن بۆ پشكنین.

4- دەستبەجێ ئاگاداركردنەوە لە هەبوونی هەر حاڵەتێك كە گومانی ئەو نەخۆشییەی لێبكرێت یان هەر حاڵەتێك بمرێت بە هۆی نەخۆشییەكی دەستنیشان نەكراوی سیییەكانەوە.

5- جەخت كردن لەسەر كوتانی پزیشك و كارمەندانی تەندرووستی و ئەو كەسانەی لە قاوشەكانی نەخۆشییە گوازراوەكان و منداڵان و هەناو كار دەكەن بە ڤاكسینی ئەنفلۆنزا.

6- جەختكردن لەسەر پۆشینی كەلوپەلی خۆپارێزی تەواوەتی لەلایەن پزیشك و كارمەندانی تەندرووستی لە كاتی هەبوونی گومانی كەسێك بەو نەخۆشییە.

دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەكان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەتایبەت لە چین، دەركەوتووە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.

نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، كە پێكدێن لە سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، كۆكە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، كە هەموو كات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆكاردەبێت بۆ هەوكردنی سییەكان و لوولەكانی هەوا، ڕەنگە تووشبووەكە بكوژێت.

ئەم ڤایرۆسە ساڵی 2002 لە چین بڵاوبوویەوەو لە مرۆڤدا دەستنیشانكرا، گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، 8000 كەسی نەخۆش خست و زیاتر لە 700 كەسی كوشت، ڤایرۆسەكە جارێكی دیكە لە ساڵی 2012 سەری هەڵدایەو لە چەند وڵاتێك بڵاو بووەوەو نزیكەی 800 كەسی كوشت.

خۆپاراستن

پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن كە خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبو بە ئەنفلۆنزا‌و دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێت‌و نابێت دەست ببرێت بۆ چاو و لوت‌و دەم بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خواردن، دەست بشۆردرێت.

هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵخ‌و داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری توشبون‌و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیەو بەهۆی پژمین‌و كۆكەو هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش توش دەبن، پزیشكان ڕێنمایی ئەوەش دەدەن كە خەڵك ماسك بەكاربهێنێت.

ئەو كەسانەی نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەو ڕەبۆو نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە.

كەسانی توشبو دەبێت داببڕێن لە كۆمەڵگەو لە ژێر چاودێریی تیمی تەندروستیی تایبەتدا دەبن.