لە سەیدسادق چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیاكاراندا كرا؟

27-01-2020 06:24
خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سەیدسادق


پەرەگراف

بەرپرسێكی دیاری ئاسایش لە سەیدسادق زللەیەك لە پەیامنێری كەناڵی پەیام دەدات، هێزە ئەمنییەكانیش تیمی ڕۆژنامەوانی كەناڵی ئێن ئاڕتی دەستبەسەر دەكەن، سەنتەری میترۆ بەتووندی ئیدانەی پێشێلكارییەكان دەكات‌و دەڵێت: دەستبەسەركردنی ڕۆژنامەنوسان بە پاساوی ڕوماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت كردەیەكی نایاساییە.

بەیانیی ئەمڕۆ بەشێك لە هاووڵاتیانی قەزای سەیدسادق بۆ داواكردنی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و چوونە بەردەم بینای قائیمقامیەتی قەزاكە. بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێكیش ڕێگای سەرەكیی بازاڕی سەیدسادقیان داخست.

خۆپیشاندەران داوای دابەشكردنی نەوت و زیادكردنی پێدانی كارەبای نیشتمانی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی دیكەیان دەكرد.

لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگری لە میدیاكان كرا ڕووماڵی خۆپیشاندانەكە بكەن و بۆ ماوەیەك دەست بەسەر كەلوپەلی تیمی ڕۆژنامەوانیی چەند كەناڵێكیشدا گیراوە، هەروەها لەلایەن ئاسایشەوە هێرش كراوەتەسەر یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان بە ناوی زانا عەلی و بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كراوە.

سەنتەری میترۆ بۆ بەرگریی لە ڕۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، هۆشیار محەمەد پەیامنێری كەناڵی ئاسمانیی پەیام پێی ڕاگەیاندوون، لە كاتی ڕوماڵكردنی خۆپیشاندانەكە داوای باجیان لێكراوەو ئەوانیش پیشانیانداون، دواتر داوایان لێكراوە وێنە نەگرن و كامێراكەیان بكوژێننەوە، دەڵێت "قسەمان لەگەڵ كردن تا ڕێگەمان لێنەگرن، بەڕێوەبەری ئاسایش زلـلەیەكی لێدام و دواتر هێزەكە دەستگیریان كردم".

هۆشیار باس لەوەش دەكات، تیمەكەیان براون بۆ ئاسایشی قەزاكە‌و كەلوپەلەكانیان لێوەرگیراوە و هەموو گرتە و وێنەی تایبەت بە خۆپیشاندانەكانیان سڕیونەتەوە، دەشڵێت "دوو كاتژمێر لە ئاسایش دەستبەسەر بووین".

هەروەها پاش ڕوماڵی ڕاستەوخۆی تیمێكی كەناڵی ئێن ئاڕتی (عومەر فەتاح، ژیار كامیل) دوو ئاسایش دێنە لایان‌و داوایان لێدەكەن لەگەڵیان بچنە ئاسایش‌و پێیان گوتوون "مودیر داواتان دەكات".

عومەر فەتاح پەیامنێری ئێن ئاڕتی بە میترۆی گوتووە"پێیان وتین ئەم فەوزایە چییە كە ئێوە دروستان كردوەو خەڵكتان هێناوەتەسەر جادە" عومەرلە وەڵامدا پێی گوتوون"ئێمە هاتین خەڵك لەسەرجادە بوون و ئێمە ئیشی خۆمان دەكەین".

سەنتەری میترۆ ئەوەش دەخاتە ڕوو، هەروەها هەڕەشە لە پەیامنێری كەناڵی سپێدە ئیبراهیم حەمە ساڵح كراوە، كە نابێت وەك ڕۆژنامەنوس یان هاووڵاتیی نزیكی خۆپیشاندانەكە ببێتەوە.

ئیبراهیم بە میترۆی وت"لە سێ لاوە پەیام و هەڕەشەی جۆراوجۆرم بۆ نێردراوە نزیكی ئەو چالاكییە نەبمەوە، چونكە ئازارم دەدەن".

سەنتەری میترۆ كە بەرگریی لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەكات، ڕایدەگەیەنێت دەستبەسەركردنی ڕۆژنامەنوسان بە پاساوی ڕوماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت كردەیەكی نایاساییەو بە توندی ئیدانەی دەكەین.

دەستبەسەركردنی ڕاستەوخۆ تەنها لەكاتێكدا دەبێت كە كەسی دەستبەسەركراو لەو ساتەوەختەدا "تاوان"ێكی كردبێت ئایا ڕۆژنامەنوسانی سەیدسادق لەو خۆپیشاندانەدا چ "تاوان"ێكیان ئەنجامداوە؟ بەداهێنانی كێ ڕوماڵكردنی خۆپیشاندان تاوانە؟، میترۆ داواشدەكات ژینگەیەكی ئارام و هاندەر بۆ میدیاكاران بڕەخسێنرێت و پارێزەرانی یاسا ڕێز لە یاسا بگرن.

ڤیدیۆ؛ خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سەیدسادق