كرێكارانی بیانیی لە هەرێم "بازرگانییان" پێوە دەكرێت

27-01-2020 06:51


پەرەگراف

كرێكارانی بیانیی لە هەرێم‌و ڕێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافەكانیان، تەئكید لەوە دەكەنەوە بازرگانیی بەو كرێكارانەوە دەكرێت‌و مافەكانیان پێشێل دەكرێت.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا، كرێكارەكان‌و ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی، داوایان كرد، مافی كرێكارە بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان بپارێزرێت.

لە بەیاننامەیەكدا كە لەچوارچێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا خوێندرایەوە، ڕێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی، داوای بەدواداچوون و ڕێگریكردن لە پێشێلكردنی مافی كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان كرد.

رێكخراوەكە داواكارییەكانی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی كردووە، داواشدەكات ڕێگری بكرێت لە بازرگانی بە مرۆڤەوە و سزای ئەو "كەس و كۆمپانیا و پارێزەرانە بدرێت" كە دەستیان داوەتە كارێكی لەو شێوەیە.

بینود سرشتە كە كرێكارێكی نیپاڵی-یەو چوار ساڵە لە هەرێمی كوردستانە، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا باسی لە كێشە و گرفتەكانی بەردەم كرێكارانی بیانی كرد و وتی "كیشەمان هەیە و مافەكانمان لە هەرێم پێشێل دەكەن".

بینود سرشتە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی لەسەر كێشەكانی كرێكارانی بیانی كردووەو دەڵێت"قاچاخچییەتی بە كرێكارانەوە دەكرێت، پاسپۆرتەكانمان لێ وەردەگرن و بەدڵی خۆیان بازرگانیمان پێوە دەكەن. مافی هەڵبژاردنی كارمان نییە و هەر كەسێكمان بۆ شوێنێك و بۆ ماڵێك ڕەوانە دەكەن بەبێ ئەوەی ئێمە بزانین. بە 300 بۆ 400 دۆلار مانگانە كار دەكەین و هەندێكجار پارەكەشمان لێ دەخۆن و ناماندەنێ".

ئەو باس لەوەش دەكات كە هەندێكجار وەك "كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت" و داوا دەكات بەیاسا مافەكانیان پارێزراو بێت.

بەپێی ئامارەكان نزیكەی 30 هەزار كرێكاری بیانیی لە هەرێمی كوردستان هەن، ئەو كرێكارانە بەدەست كێشەی جۆراوجۆرەوە گیرۆدەن‌و مافەكانیان پارێزراو نییە.

بارزان ڕەئوف، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت"هاتنی بەلێشاو و بە قاچاخ هێنانی كرێكاران بۆ هەرێمی كوردستان زۆر بووە و ئەوە مەترسییە بۆسەر هەرێم كە بەبێ ئاگاداری و پشكنینی پزیشكیی ڕێگە بە هاتنیان دەدرێت".

بارزان نەیشاردەوە كە كرێكارانی بیانی لە هەرێمن مافەكانیان پیشێل دەكرێت و ئەوەی خستە ڕوو، لەم بارەیەوە هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ كرێكاران هەیەو لەهەر چەشنە بنپێكردنی مافە دارایی و مرۆییەكانیان ڕێكاریی یاساییان بۆ دەگرنەبەر.