دوای گروپی 15، یەكێتیش لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كۆبووەوە

10-02-2020 01:38
محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

پەرلەمانتارانی كوردی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق كە بە گروپی 15 ناسراون، شەوی ڕابردوو لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق كۆبوونەوە. ئەمڕۆش وەفدێكی سەركردایەتی یەكێتی سەردانی محەمەد تۆفیق عەلاوییان كردووە.

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی بەكوردسات نیوزی ڕاگەیاندووە، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆمار، ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كۆبوونەوەو پەیامی یەكێتییان پێگەیاندو جەختیانكردەوە لەسەر مافەكانی كوردو پرسی ناوچە جێناكۆكەكان و مووچەو پێشمەرگە ئەولەویەتی گفتوگۆكان بووە.

كۆبوونەوەكەی گروپی 15 لە كۆشكی حكومیی لە بەغداد بەڕێوەچووەو تێیدا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و كێشەو ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغداد تاوتوێ كراون، بڕیارە سبەینێش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو گروپی 15ش بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكەن.

هەریەكە لە د.یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی‌و موسەنا ئەمین لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی‌و یوسرا ڕەجەب سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە نوێنەرایەتیی هەر 15 پەرلەمانتارە كوردەكەی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی، بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردوو لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی.

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەكەیە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، محەمەد تۆفیق عەلاوی باسی پێكهێنانی كابینەكەی كردووەو خواستی خۆی پیشانداوە كە وەزیرەكان لەسەر بنەمای لێهاتوویی دیاریی بكات بەبێ گەڕانەوە بۆ حیزبەكان‌و پشكپشكێنەی حیزبیی، سەرچاوەكە دەڵێت"جەماعەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان بەوە ڕازیی نین‌و لەناو كوردیشدا پارتی شێوە بەوە ڕازیی نییەو داوای پشكی خۆیان دەكەن".

لەبارەی ڕای گروپی 15 لەو بارەیەوە، سەرچاوەكە وتی"گروپی 15 لاریی لەوە نییەو پێیوایە لە كوردستان خەڵكی بەتواناو لێهاتوو زۆرن لە دەرەوەی حیزبەكان‌و دەكرێت ئەوانە دابنرێن، بەڵام ئەگەر بێتەسەر بنەمای حیزبیی بە پێویستی دەزانن ئەو لایەنانەی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتیش پشكی خۆیان هەبێت لەبەرئەوەی نوێنەرایەتیی ئاڕاستەیەكی جیاواز لە پارتی‌و یەكێتی دەكەن".

ئەوە دووەم كۆبوونەوەی گروپی 15 بووە لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی، پێشتر بەرلەوەی بە فەرمی ڕابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت لە 26-12-2019 لە بارەگای فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی گروپی 15 لەگەڵ محەمەد عەلاوی ئەنجام دراوە.

لە كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردوودا نوێنەرانی گروپی 15 پرسی پاراستنی مووچەی هەرێمی كوردستان‌و بە دوورگرتنی لە كێشەو ململانێی سیاسی، ماددەی 140ی دەستوور، كێشەی جووتیاران‌و شەهیدان‌و دۆخی كەمپی مەخموریان خستووەتە ڕوو، هەروەها تەئكیدیان كردووەتەوە لە پێویستیی بە گژدا چوونەوەی گەندەڵی‌و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك.

"سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو بەگشتی لەسەر ئەو پرسانە تێڕوانینی باش‌و ئەرێنیی هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی سەرەتایە، نەچوونەتە وردەكارییەكانەوەو ئەوە ماوەتەوە بۆ گفتوگۆی محەمەد عەلاوی لەگەڵ حیزبەكان كە ڕۆژانی داهاتوو بەڕێوەدەچێت لەبارەی پێكهێنانی كابینەكەی" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

لەبارەی دۆخی كەمپی مەخمور كە پەنابەرانی باكوری كوردستان(سەربە پەكەكە)ی تێدایەو چەند مانگێكە لە ژێر گەمارۆی حكومەتی هەرێمدایە(پارتی)، ژیان‌و خزمەتگوزاریی بۆ دانیشتوانی كەمپەكە سەخت‌و دژوار بووە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەو پرسە لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی باسكراوە، سەرچاوەكە دەڵێت"محەمەد عەلاوی بەلایەوە سەیر بووە دۆخی كەمپەكە بەوجۆرەیەو تەئكیدی لەوە كردووەتەوە دۆخی مرۆیی جیابكرێتەوە لە ململانێی سیاسیی، بەتایبەت ژن‌و منداڵانی نیشتەجێی كەمپەكە نابێت وەكو هێزی چەكدار مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت".

محەمەد تۆفیق عەللاوی 1ی ئەم مانگە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، 20 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدا ماوە تا كابینەكەی پێكبهێنێت.

سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە دۆخێكی ناهەمواری عێراقدا ئەو ئەركەی پێ سپێردراوە، هەرچەندە یەكەم پەیامی ڕووەو خۆپیشاندەران بوو و ستایشی كردن، بەڵام تائێستاش لەلایەن گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندەرانەوە لە بەغداو شارەكانی دیكەش كەسێكی قبووڵكراو نییەو ڕەتی دەكەنەوە.

محەممەد تۆفیق عەللاوی سیاسەتمەدارێكی عێراقییەو پێشتر پۆستی باڵای هەبووەو لە كابینەی دووەمی نوری مالیكیدا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بووەو ساڵی 2012 بەهۆی كێشەی لەگەڵ مالیكی دەستی لەكاركێشاوەتەوە.