كۆرۆنا لە ئێران تەشەنە دەكات؛ عێراق‌و هەرێم ڕێوشوێنی تووند دەگرنەبەر

20-02-2020 07:02
ئێرانییەكان بۆ خۆپاراستن لە كۆرۆنا دەمامك دەپۆشن


پەرەگراف

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران تەشەنە دەكات‌و سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە سەرۆكایەتی ڕوبەڕوبوونەوەی دەكات، عێراق‌و هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنەكانیان تووندتر دەكەنەوەو عێراق قەدەغەی هاتووچۆی بۆ ئێران ڕاگەیاند.

دوای گیان لەدەستدانی 2 كەس لە شاری قوم بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ تۆماركردنی 3 حاڵەتی نوێی تووشبوون ڕاگەیەندراو بەرپرسانی ئێران بە فەرمیی دەڵێن، 15 كەس لە وڵاتەكەیان خراوەتە ژێر چاودێریی بە گومانی هەبوونی كۆرۆنا كە 10 كەسیان لە تارانی پایتەختن.

هەروەها لە چەند شارێكی ئەو وڵاتە لەوانە قوم‌و ئەراك دەوام لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن ڕاگیراوە، سەرچاوە ناوخۆییەكان لە شاری قوم دەڵێن، دەیان كەس لە قوم گیانیان لە دەست داوە كە نیشانەی نەخۆشیی كۆرۆنایان هەبووە، بەڵام بەرپرسانی پزیشكیی ڕەتی دەكەنەوە ئەو كەسانە بە كۆرۆنا مردبن.

بەپێی ئامارەكان لە چین كە سەرچاوەی سەرهەڵدان‌و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنایەو لە وڵاتانی دیكەش، ڕێژەی مردن بەو ڤایرۆسە ناگاتە لەسەدا 3، واتە لە 100 كەسی تووشبوو كەمتر لە 3 كەسیان دەمرن، بەو پێیەش گومان دەكرێت ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لە ئێران لەوە زیاتر بێت كە ڕاگەیەندراوە.

ئێران ڕێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەر، لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتی حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆمار بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەكە پێكهێنراوە.

هێشتا تۆماركردنی ڤایرۆسەكە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام ڕێوشوێنەكان تووندتر كراونەتەوە بەتایبەت لە خاڵە سنورییەكان لەگەڵ ئێران.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڕیاریدا گەشتكردنی خەڵكی ئێران بۆ عێراق‌و بە پێچەوانەوە عێراقییەكان بۆ ئێران قەدەغە بكات، جگە لە شاندە دیبلۆماسییەكان، هەروەها ئەو عێراقییانەی لە ئێران دەگەڕێنەوە دەخرێنەژێر چاودێریی تەندروستیی بۆ ماوەی 2 هەفتە، چونكە هەندێكجار 2 هەفتەی پێدەچێت تا نیشانەی نەخۆشییەكە لە كەسی تووشبوو بە كۆرۆنادا دەربكەوێت. هاوكات هێڵی ئاسمانیی عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ئێران ڕاگرت.

لە هەرێمی كوردستانیش ئامادەكاریی چڕ دەستی پێكردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەكەو وەزارەتی ناوخۆو تەندروستی سەرقاڵی دەركردنی چەند بڕیارێكن لەوبارەیەوە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین و وڵاتانی دیكەی جیهان بەردەوام لە تەشەنەسەندندایە، بەپێی نوێترین ئامار لە سەرتاسەری جیهان لانیكەم 2 هەزارو 126 كەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوەو تەنها 11یان لە دەرەوەی چین بوون.

هەروەها ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا گەیشتووەتە 75 هەزار و 700 كەس كە زۆربەی هەرە زۆریان لە چینن‌و كەمتر لە 2 هەزاریان لە وڵاتانی دیكەن، ڤایرۆسەكە لە زیاتر لە 25 وڵات تۆمار كراوە. هاوكات نزیكەی 17 هەزار كەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە چاك بوونەتەوەو كاریگەریی ڤایرۆسەكەیان لەسەر نەماوە.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە، ئەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپاراستن لێی

كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەكان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەتایبەت لە چین، دەركەوتووە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.

نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، كە پێكدێن لە سەرئێشە، هەڵامەت، كۆكە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، كە هەموو كات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆكاردەبێت بۆ هەوكردنی سییەكان و لوولەكانی هەوا، ڕەنگە تووشبووەكە بكوژێت.

خۆپاراستن

پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن كە خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبو بە ئەنفلۆنزا‌و دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێت‌و نابێت دەست ببرێت بۆ چاو و لوت‌و دەم بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خواردن، دەست بشۆردرێت.

هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵخ‌و داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری توشبون‌و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیەو بەهۆی پژمین‌و كۆكەو هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش توش دەبن، پزیشكان ڕێنمایی ئەوەش دەدەن كە خەڵك دەمامك بەكاربهێنێت.

ئەو كەسانەی نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەو ڕەبۆو نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە.

كەسانی توشبو دەبێت داببڕێن لە كۆمەڵگەو لە ژێر چاودێریی تیمی تەندروستیی تایبەتدا دەبن.