حكومەت لەبارەی منداڵەكەی هەولێر: نەرمی نواندن و چاوپۆشیكردن قبوڵ ناكرێت

21-02-2020 04:54
وێنەی منداڵەكەو باوكی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە فراوانی بڵاوبووەتەوە


پەرەگراف

وتە‌بێژی جێگری سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند، هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیكردنێك قبوڵ ناكرێت لەبارەی تاوانی دەستدرێژی كردنە‌سە‌ر كچێكی تەمەن ٧ ساڵان لە‌ هە‌ولێر.

سەمیر هەورامی وتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "سەبارەت بە تاوانی قێزەونی دەستدرێژی كردنەسەر كچێكی تەمەن ٧ ساڵان كە ویژدانی هەموومانی برینداركرد، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەدواداچوونی بۆ دۆسیەكە كردووە و لەلایەن بەڕێز پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەوە دڵنیا كراوەتەوە كە رێكاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر".

وتەبێژەكەی قوباد تاڵەبانی دەشڵێت"تا ئێستا تاوانبارێك گیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكات و لێكۆڵینەوەش لەگەڵ چەند گومانلێكراوێكی دیكە لە دۆسیەكەدا بەردەوامە. هاوڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیكردنێك بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە كە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٩دا روویداوە‌ قبوڵ ناكرێت".

دەستدرێژیكردنەسەر ئەو منداڵە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی باوكی منداڵەكە قسەی بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كردو ئەوەی خستە ڕوو، ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە بەرپرسانی باڵایان لەپشتەو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناكرێت‌و تەنانەت هەڕەشەیان لەو كردووە كە ئەو پرسە بۆ ڕاگەیاندن‌و ڕایگشتی باس نەكات.