ژووری بازرگانی سلێمانی 2 ملیۆن مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكڕێتەوە

25-03-2020 06:01


پەرەگراف

ژورری بازرگانی سلێمانی بەرهەم كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكڕێتەوە كە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، مریشكەكان دوای سەربڕین‌و چاككردن بە "نرخێكی گونجاو" دەگەیەنرێنە دەست هاووڵاتییان.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ هەردوو سەربڕینخانەی پیرەمەگرون و ڕانییە واژوو كردووەو لەمەودوا ژووری بازرگانی سلێمانی بەرهەمی مریشكی سەرجەم كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكڕێتەوە بەمەبستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و زەرمەند نەبوونی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان.

"لەئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا هەیە و بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە مەترسی لە ناوچونیان لەسەرە، بۆیە بە پێویستمانزانی بەرهەمی سەرجەم كێڵگە پەلەوەرییەكان بكڕینەوە" سیروان محەمەد وادەڵێت.

سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئەوەش دەخاتە ڕوو، مریشكەكان لە ژێر چاودێری بەڕێوبەرایەتی تەندروستی و لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەكاندا، بەشێوەیەكی تەندروست و خاوێن سەردەبڕدرێن و پاك دەكرێن‌و بە نرخێكی گونجاو دەگەیەنرێتە دەستی هاووڵاتییان.

وەك سیروان محەمەد باسی دەكات، ئەو هەنگاوەیان بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆ و پاراستنی خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانە لە زەر و زیان و گەیاندنی مریشكی فرێش و تەندروستە بە هاووڵاتییان، "تا بتوانرێت بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕەكاندا ساغ بكرێتەوە‌و ڕێگری بكرێت لە مریشكی بەستوو".