ئیسپانیا پێش چین كەوت لە مردن بە كۆرۆنا؛ جێگری سەرۆك وەزیرانیش تووشبوو

25-03-2020 08:23


پەرەگراف

كۆرۆنا دۆخێكی زۆر سەختی ڕوبەڕوی نەخۆشخانەكانی ئیسپانیا كردووەتەوەو ئەو وڵاتە پێش چین كەوت لە زۆریی ژمارەی مردن بەو ڤایرۆسەو ئێستا لە دوای ئیتاڵیا دووەم وڵاتی دونیایە.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 738 كەسی دیكە لە ئیسپانیا بە كۆرۆنا مردن، بەوەش كۆی گشتیی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 3 هەزارو 434 كەس، ئەوەش زیاترە لە چین كە 3 هەزارو 281 كەسی بەو ڤایرۆسە مردوون.

بەپێی ئامارەكان ڕێژەی مردن بە كۆرۆنا لە ئیسپانیا زۆر زیاتر لە چین كە ناوەندی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بوو، ئیسپانیا لە كۆی 47 هەزارو 610 تووشبوو 3 هەزارو 434 مردووی هەیە، بەڵام چین لە كۆی 81 هەزارو 661 تووشبوو كەمتر لە ئیسپانیا مردووی هەیە.

لەناو تووشبووانی ئیسپانیادا دەیان بەرپرس‌و پزیشك‌و كارمەندی تەندروستیی هەن، ئێوارەی ئەمڕۆش تووشبوونی جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بە كۆرۆنا ڕاگەیەندرا.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان باسلەوە دەكەن، نەخۆشخانەكانی ئیسپانیا لە دۆخێكی سەخت‌و ناهەمواردان بەهۆی زۆریی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆناوەو سیستمی تەندروستیی ئەو وڵاتە لەژێر هەرەسدایە.