کەسێکی دیکە لە دەربەندیخان تووشی کۆرۆنا بوو

25-03-2020 11:15

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، تووشبووێکی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانکرا، کە پیاوێکی تەمەن 30 ساڵە و دانیشتووی شاری دەربەندیخانە.

کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان توشبووان گەیشتە 100 حالەت و دوو مردن هەیەو 27 تووشبووش چاكبوونەتەوە.

ئەو دوو حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.

تەندورستی سلێمانی پلازمای خوێنی ئەو كەسانەی وەرگرتووە كە چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە، ئەوەش بە مەبەستی بەكارهێنانی وەك چارەسەر بۆ كەسانی تووشبوو، بەوپێیەی كەسانی چاكبووەوە بەرگریی لەشیان بەرامبەر ڤایرۆسەكە بەهێزبووە.

تائێستا هیچ ڤاكسین‌و پێكوتەیەك نییە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو ڕێگریی لە تووشبوون، هەروەها ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەكە دەبن هیچ دەرمانێكی تایبەت بەو ڤایرۆسە نییە پێیان بدرێت، پزیشكان پەنا بۆ دەرمانی نەخۆشییەكانی دیكە دەبەن‌و بەكاری دەهێنن بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، دامەزراوە تەندروستییەكانی جیهان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی چارەسەری تایبەت بە كۆرۆنا، بەڵام دەڵێن، ئەو كارە زیاتر لە ساڵێكی پێدەچێت.