ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە لەبارەی دابەشكردنی مووچە

26-03-2020 01:26

 

پەرەگراف

گوتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، چاوەڕێی هاتنی پارە دەكەن لە بەغدادەوە بۆ دابەشكردنی مووچەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، هەركاتێك گەیشت، ڕاستەوخۆ دەست دەكەن بە دابەشكردنی مووچە.

روونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، كۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێكی قورسی تەندروستی و ئابوری كرد و هەرێمی كوردستانیش بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیاندا هەموو توانەكانی لە پێناو رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە خستۆتەگەڕ وهاوڵاتیان دڵنیادەكاتەوە كە پاراستنی گیانیان ودابین كردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەركەكەنیدایە.

سەبارەت بە دابەشكردنی موچە، وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین كرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەكانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەكەی بەغداین، هەركاتێك گەیشت، راستەوخۆ دەست دەكەین بەدابەشكردنی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی تر بە میكانیزمێك كە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكرێت.

سەرجەمی موچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستاندا بریتییە لە ٨٩٤ ملیار دینار، لەو بڕە ٤٥٣ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەكرێت، كە دەكاتە نزیكەی ٥١٪ كۆی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیەو ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواكەوتوە، بۆ ئەو مەبەستە بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدرال بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان.

حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەكانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان. سوپاسی هاوڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەكەین كە تاكو ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵمان. ئەمرۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا هاوكاری یەكتر بین تاكو هەموو پێكەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و كاریگەرییەكانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەكان واقعیانە دۆخەكە لێكبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەكرێتە كەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حكومەت یان لایەنێكی سیاسی نیە، گشتمان پێكەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێكەوتە نەرێنیەكانین، بۆیە پێكەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین.

د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٦ ئاداری ٢٠٢٠