كەسێكی دیكە لە سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوو

26-03-2020 10:48


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، تووشبووێكی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانكرا، كە ئافرەتێكی تەمەن 56 ساڵە و خێزانی توشبووێكی پێشووە.

هەر ئەمشەو د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، 12 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست چاكبوونەوە و دەگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان.

بەوەش كۆی گشتی حاڵەتی چاكبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی گەیشتە 39 كەس.

ئەمڕۆ سێ تووشبووی نوێ لە شاری هەولێر ڕاگەیەندرا، ئێستا ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 104 كەس، لە ناویاندا 2 مردن هەیە و 39 نەخۆشیش بەتەواوی چاكبوونەتەوە كە سەرجەمیان لە سلێمانی بوون. لە ئێستادا هەزارو 726 كەس لە هەرێم لە كەرەنتینەكان ماونەتەوە.

ئەو دوو حاڵەتەیشی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.

لەلایەكی دیكەوە تەندروستیی داوای دڕێژكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ دەكات، د. سەباح هەورامی بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت "پێشنیارمان بۆ حكومەت كردوە تا ڕۆژی 15-4 كەرەنتین و قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەمشێوە چڕەی ئێستا بەردەوام بێت و ڕێگای هاتوچۆ بگیرێت".