لەبارەی "تەعریبی گوندی پەلكانە" هۆشداری دەدرێت

15-05-2019 02:40
دیمەنی هێزە عێراقییەكان لە گوندی پەلكانە 14/5/2019. وێنە؛ كەركوك ناو

پەرەگراف

پەرلەمانتارانی كوردی كەركووك لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی "تەعریبی گوندی پەڵكانە" هۆشداری دەدەن و داوا لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكەن بە پەلە ڕێگری لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركووك بكەن. لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: دۆخی پەڵكانە و دەشتی مەخموور، لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵدەوەشێنێتەوە.

شەش ئەندامی كوردی كەركووكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە گوندی پەڵكانە، ڕایانگەیاند "لە تەعریبێكی نوێ لە چەند ناوچەیەكی كەركووك، بە تایبەت گوندی پەڵكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، هەوڵی داگیركردنی زەویوزاری كوردەكان دەدرێت، لەلایەن ئەو عەرەبانەی پێشتر ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب هێناونی بۆ ناوچەكە".

ئەو شەش پەرلەمانتارە دەڵێن "ئەو هەوڵانە بە پاڵپشتیی چەند لایەنێك‌ و بە قۆستنەوەی دۆخی نائارامی پارێزگای كەركووك" بووە.

هەر بۆیە داوا لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكەن بە پەلە چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە و سنوورێك بۆ ئەو هەوڵانە دابنێن كە دەیەوێت گۆڕانكاریی دیمۆگرافی لە چەند ناوچەیەكی كەركووك ئەنجام بدات.

پەرلەمانتارەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا داوایان كرد بڕیارەكانی ئەو لیژنەیەی پێشتر بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزار پێكهێنراوە، جێبەجێ بكرێن، كە بڕیارەكان خۆیان دەبیننەوە جێبەجێ كردنی بڕیاری ژمارە ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن وەزارەتی دادەوە. هەروەها جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران كە بەپێی ڕێنمایی لیژنەی مادەی ١٤٠ دەركراوە، كە تایبەتە بە هەڵوەشانەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان.

هەر بەپێی بڕیارەكانی لیژنەی ناوبراو، بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە كە پەیوەندیدارە بە تەملیك كردنی زەویی كشتوكاڵی لە كەركووك و ناوچەكانی كێشەلەسەر، هەڵدەوەشێنەوە. لیژنەكە بڕیاریشی داوە یاسای ژمارە ١١٧ كە پەیوەندیدارە بە گرێبەست لەگەڵ خاوەنی ڕاستەقینەی زەوییەكان بەپێی یاسای ژمارە ١، جێبەجێ‌ بكرێت.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی لەبارەی ڕووداوەكەی گوندی پەڵكانە و مەترسییەكانی داعش لەسەر گوندنشینانی كوردی دەشتی مەخموورەوە ئەنجام دا.

جوان یونس، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وتی "كورد لەو ناوچانە ڕووبەڕووی مامەڵەی نادەستووری بووەتەوە، بە تایبەت لە كەركووك، ئەوەش مامەڵی ڕژێمی بەعسمان بە بیر دەهێنێتەوە".

جوان یونس هۆشداریشی دا كە "ئەو دۆخەی پەڵكانە و دەشتی مەخمور، لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بارودۆرخی ئەو ناوچانەوە هەڵدەوەشێنێتەوە".

دوێنێ‌ 14/5/2019 ئاڵۆزی لە نێوان هاووڵاتیانی كورد و عەرەب لە گوندی پەلكانەی كەركووك ڕووی دا. كەركووك ناو لە سێ سەرچاوەی ناو گوندەكەوە ئەوەی ئەوەی گواستەوە كە "هێزێكی سوپای عێراق بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە، دەستوەرەدانیان كردووە و لە شوێنی ڕووداوەكە ژمارەیەك هاووڵاتی لە هەردوو نەتەوەكەیان دەستگیر كردووە".

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر نزیكەی 200 هاووڵاتی عەشیرەتی شەمەر چوونەتە گوندەكە و داوایان كردووە گوندنشینە كوردەكان ناوچەكە چۆڵ بكەن. ئەو عەشیرەتە زەوییەكانی گوندەكە بە هی خۆیان دەزانن، لە كاتێكدا كوردەكان ئەوە ڕەتدەكەنەوە و بە هەوڵی تەعریبكردنی ناوچەكەیان ناوی دەبەن.

گوندی پەلكانە دەكەوێتە ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دوبز لە پارێزگای كەركوود. ئەم گوندەش بەشێكە لە ناوچە كوردستانییە كێشەلەسەرەكان و یەكلاكردنەوەی چارەنووسی هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی پارێزگاكە، بە ماددەی 140 سپێردراوە.