لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٢ کەسی دیکە لە ھەرێم تووشی کۆرۆنا بوون

30-03-2020 12:12

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ڕایگەیاند: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٤ حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە سلێمانی و ھەشت لە ھەولێر تۆمارکراون.

کۆی گشتی تووشبووان گەیشتە ١٥٠ حاڵەت، ٢ مردن ھەیەو ٥٦ نەخۆش چاکبوونەتەوە.

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٣٢)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، تیمەکانی تەندروستی بۆ کەڕەنتین کردن و دۆزینەوە و پشکنینی هەڵگرانی ئەم ڤایرۆسە ڕۆژانە بەردەوامن بەمەش:

1. کەرەنتین
ژمارەی هاووڵاتیان لە کەڕەنتینەکان (٥٤٧٤) هاووڵاتی بوون لە (٣٦) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٢٢٦) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (٢١٦) لە هەولێر، (١٩٢) لە سلێمانی، (٧٣٣) لە دهۆك، (٥٠) لە هەلەبجە، (٣٥) لە ڕاپەرین وە (٤٢٤٨) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (١٥٩) هاووڵاتی.

2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (٥٠٠) پشکنین ئەنجام دراوە، (٣٢٤) هەولێر، (١٢٠) سلێمانی، (٥٦) دهۆك.
دەرەنجام (٢٢) تووشبووی نوێ تۆمارکرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە:-

• پارێزگای هەولێر (٨) پۆزەتیڤ، کە بەڕەگەز (٤) نێر تەمەنیان (٤٠، ٣٧، ٣٢، ٣١) ساڵ و (٤) مێ تەمەنیان (٣٢، ١٦، ١٤، ٢) ساڵ، کە سێیان لە کەرەنتن بوون و لە وڵاتی فەرەنسا گەڕاونەتەوە، پێنجیان بەرکەوتووی تووشبووەکەی ناحیەی خەلیفانن.
• پارێزگای سلێمانی (١٤) پۆزەتیڤ، کە بەڕەگەز (٦) نێر تەمەنیان (٦٤، ٥٧، ٣٤، ٣٢، ٣٠، ٤) ساڵ و (٨) مێ تەمەنیان (٦٠، ٥٤، ٤٠، ٢٩، ٢٢، ٢٠، ١٧، ١٤) ساڵ، کە حەوت لە تووشبووان لە قەزای دەربەندیخانن و بەرکەوتەی تووشبووی پێشوون، وە حەوت لە ناو شاری سلێمانین کە پێنچ لەوان پێشتر گەشتیان کردبوو وە دووەکەی تر پێشنەی گشتیان نیە.

3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (١٥٠) تووشبوو، لەنێویاندا (٢) مردن هەیە و (٥٦) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ تیمەکانی وەزارەتی ناوەخۆ و تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و بەرکەوتەی کەسی تر نەبن وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣٠ی ئازاری٢٠٢٠