ھۆشدارییەک لە وەزیری تەندروستییەوە: مەیەنە دەرەوە با کارەسات ڕوونەدات

01-04-2020 01:10

پەرەگراف

وەزیری تەندروستی ھەرێم ڕایگەیاند: هۆکاری تووشبوونی 139 حاڵەت کە دەکاتە ڕێژەی (79%) لەکۆی تووشبووانی کۆرۆنا بەهۆی پابەندنەبوون بووە بە ڕێنمایی تەندروستی و بەرکەوتنی یەکتریی.

د.سامان بەرزنجی لە پەیامێکدا دەشڵێت"ژمارەکان نیشاندەرێکی مەترسیدارە، تکایە ئاگاداری خۆتان بن نەیەنە دەرەوەی ماڵ و بەرکەوتنی کەسی تر مەبە با کارەساتی تەشەنەکردنی کۆڕۆنا ڕوونەدات".

ئەو پەیامە دوای ئەوەدێت شەش تووشبووی نوێ لە ھەولێر ڕاگەیەندران کە بەم شێوەیەن: چوار لە تووشبووان (دوو ئافرەت و دوو پیاو) بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون لە مەلائۆمەر.

دوو تووشبووەکەی دیکە لە هەولێر (یەک پیاو و یەک ئافرەت) یەکێکیان لە وڵاتی بەریتانیا گەڕاوەتەوە لە 2/26 دوای بانگەوازەکەی وەزارەتی تەندروستی پەیوەندی کردووە و پشکنینی بۆ کراوە.

كۆی گشتی تووشبووان لە ھەرێم گەیشتووەتە ١٧٦ كەس كە 2 كەسیان گیانیان لەدەستداوە‌و 61 كەسیان چاكبوونەتەوە(51 لە سلێمانی‌و 10 لە هەولێر).

ئەو 2 حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، هەرچەندە تووشبووی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە نەمردوون.