مەسرور بارزانی ڕێكاری یاسایی دژی سۆران عومەر دەگرێتەبەر

01-04-2020 07:54


پەرەگراف

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەڵێت، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ زانیاریی ناڕاست‌و چەواشەكارانەی بڵاوكردووەتەوە كە گوایە داهاتی حكومەت لە خەرجییەكانی زیاترە و هەروەها باسی لەوە كردووە كە سەرۆكی حكومەت گوایە خاوەنداریی بانكێك و كۆمپانیایەكی گەورە دەكات.

نووسینگەی مەسرور بارزانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەشڵێت "ئەم كەسە پێویستە بەڵگەكانی ڕادەستی لایەنە یاساییەكان بكات، ئەگەرنا دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەو چەواشەكاری و ناڕاستییانە لە ئەستۆ بگرێت".

روونكردنەوەیەك لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

دوابەدوای ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم، رێكارەكانی حكومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا بووە جێگەی دەستخۆشی، كەسانێك ویستیان بۆ شێواندنی ئەم دەسكەوتە خەلك چەواشە بكەن و بە ھەواڵی ساختە پێگەی سەرۆكی حكومەت بكەنە ئامانج، لەوانەش سۆران عومەر پەرلەمانتاری سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی هەندێ لێدوانی ناڕاست و چەواشەكارانەی داوە كە گوایە، داهاتی حكومەت لە خەرجییەكانی زیاترە و هەروەها باسی لەوە كردووە كە سەرۆكی حكومەت گوایە خاوەنداریی بانكێك و كۆمپانیایەكی گەورە دەكات.

لەم كات و ساتەدا كە حكومەتی هەرێم هەموو تواناكانی خۆی بۆ پاراستنی تەندروستی وگیانی هاونیشتمانیان تەرخان كردووە، چاوەڕوانی ئەوە بووین دوور لە ململانێ سیاسییەكان هەموو لایەك بەشدار و هاوكار بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بەڵام بەداخەوە كەسانێك سەلماندوویانە كە هیچ كاتێك ناتوانن بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتیدا هەنگاو بنێن. ئێمە لێرەدا وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەم تۆمەتانە، لە پێناو ئاشكراكردنی ڕاستییەكان بۆ ھاووڵاتییانی خۆشەویستمان رێكاری ئاسایی دەگرینە بەر. ئەم كەسە پێویستە بەڵگەكانی ڕادەستی لایەنە یاساییەكان بكات، ئەگەرنا دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەو چەواشەكاری و ناڕاستییانە لە ئەستۆ بگرێت.

نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/4/1