12 كەسی دیكە لە سلێمانی و هەڵەبجە تووشی كۆرۆنا بوون

01-04-2020 10:53

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، دوانزە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەستنیشانکران کە نۆ ئافرەت و سێ پیاون بەم شێوەیە:

پێنج لە پارێزگای هەڵەبجە بەرکەوتووی توشبووی پێشوون.
پێنج لە قەزای چەمچەماڵ بەرکەوتەی تووشبووی پێشوون.
یەک لە سیتەک بەرکەوتەی تووشبووی پێشووە.
یەک لە قەزای سیدسادق کە پێشینەی گەشتی ئێرانی هەبووە.

كۆی گشتی تووشبووان لە ھەرێم گەیشتە 188كەس كە 2 كەسیان گیانیان لەدەستداوە‌و 61 كەسیان چاكبوونەتەوە(51 لە سلێمانی‌و 10 لە هەولێر).

ئەو 2 حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، هەرچەندە تووشبووی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە نەمردوون.

هەر ئەمشەو وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە ھۆشدارییەکی نوێدا ڕایگەیاند: نیگەرانین تا ئێستا هەندێک هاوڵاتی بەرکەوتنی کەسانی تر و هاتنە دەرەوە و یەکتر بینینان هەیە، "هەر یەکتربینین و بەرکەوتنێک ئەگەری ترسناکی تووشبوون چەندین جار زیاد دەکات".

"تکایە لە دەرگای ماڵەکانتان مەیەنە دەرەوە، با دووربین لە کارەساتی تەشەنەکردن و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.

ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی ھەرێم ڕایگەیاند: هۆکاری تووشبوونی 139 حاڵەت کە دەکاتە ڕێژەی (79%) لەکۆی تووشبووانی کۆرۆنا بەهۆی پابەندنەبوون بووە بە ڕێنمایی تەندروستی و بەرکەوتنی یەکتریی.

د.سامان بەرزنجی لە پەیامێکدا وتیشی"ژمارەکان نیشاندەرێکی مەترسیدارە، تکایە ئاگاداری خۆتان بن نەیەنە دەرەوەی ماڵ و بەرکەوتنی کەسی تر مەبە با کارەساتی تەشەنەکردنی کۆڕۆنا ڕوونەدات".