پەرەگراف
لەم ماوەیەی قەدەغەی هاتووچۆو كەرەنتینە لە هەرێم ڕاگەیەندراوە، سەرپێچییە ژینگەییەكان هەڵكشاونو حاڵەتەكانی بڕینەوەی داری دارستانەكانو كوورەی خەڵوز دروستكردنو ڕاوی ماسیو باڵندەی كێویی زیادیان كردووە، چەندین كەس دەستگیركراونو دراون بە دادگا.
ئەم وێنانە دوێنێ گیراونو تایبەت بۆ پەرەگراف نێردراون، دامێنی چیای پیرەمەگروونە لە سلێمانی، ئەوەی دەبینرێت ژمارەیەكی زۆر دار بڕدراونەتەوەو ئاسەواری دروستكردنی خەڵوز لە ناوچەكەدایە.
عەمید هێمن كەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستانو ژینگەی سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، سەرپێچیی پێشتریش هەر هەبووە، بەڵام ئەم ماوەیە زیادی كردووە، هاوكات تەئكیدی لە هەوڵە بەردەوامەكانیان كردەوە بۆ ڕێگریی لە تێكدانی ژینگەو دەستگیركردنی سەرپێچیكاران.
"تەنها لە سنوری پێنجوێن لەم چەند ڕۆژەدا 6 كەس دەستگیركراون لەسەر بڕینی داری دارستانەكان، بەتایبەت لەو سنورە بڕنەوەی دار زیادی كردووە، لە زۆر ناوچەی دیكەش لەم ماوەیەدا خەڵك دەستگیركراوە" عەمید هێمن وای گوت.
وتیشی"بەبۆنەی كەرەنتینەوە سەرپێچییەكان زیادیان كردووە، هاووڵاتییان ڕوودەكەنە كەژو كێوەكان، بەداخەوە هەندێكیان سەرقاڵی دروستكردنی خەڵوزنو داری دارستانەكان دەبڕنەوە، چەندین كورەمان تێكداوەو خەڵكمان داوە بە دادگا".
لەبارەی ئەو وێنانەی لە پیرەمەگروون گیراونو بۆ پەرەگراف نێردراون، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستانو ژینگەی سلێمانی وتی"لە سنوری پیرەمەگرونو دوكانیش لەم ڕۆژانەدا چەند كەسێكمان دەستگیركردووەو ڕوبەڕوی یاسا كراونەتەوە".
لەگەڵ بڕینەوەی دارو تێكدانی ژینگە، هاوكات سەرپێچیی لە ڕاوی ماسیشدا زیادی كردووە، لە ئێستادا وەرزی گەرا دانانی ماسییەو ڕاوكردن تا 15-6 قەدەغەیە، بەڵام هەندێك كەس بەردەوامن لە ڕاو.
عەمید هێمن وتیشی "لەم ماوەیەشدا چەندین كەس لەسەر ڕاوكردن دەستگیركراونو مەفرەزەكانمان لە ڕووبارو دەریاچەكان پشكنین ئەنجام دەدەنو تۆڕی ڕاوكردنەكان هەڵدەگرنەوەو ئەو ماسییانەشی بوون بە تۆڕەكانەوەو زیندوون دەیانخەنەوە ئاوەكان".
سەرەتای ئەم مانگە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی دارستانی بنگرد، لە دەرچوونێكی مەیدانیدا بۆ دەریاچەی دوكان، توانییان 10 تۆڕ هەڵبگرنەوەو دەستبگرن بەسەر بەلەمێكدا، هەروەها 30 ماسیی گەورە و قەبارە جیاوازیان خستەوە ناو ئاوەكە.
هەڵگرتنەوەی تۆڕی ڕاو و خستنەوە ناو ئاوی ماسییەكان لەلایەن پۆلیسی ژینگەوە. 2-4-2020/دەریاچەی دوكان.
مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستانو ژینگە لە ناوچە ئاوییەكانو كەژو كێوەكان بڵاوەیان پێكراوە، بەدوای هەر زانیارییەكیشدا دەچن كە هاووڵاتییان پێیان بدەن لەبارەی سەرپێچییە ژینگەییەكان، ئەو كەسانەشی بۆ ڕاوی باڵندەو ئاژەڵی كێویی ڕوو لە ناوچەكان دەكەن، بەهەمان شێوە دەستگیر دەكرێنو دەست بەسەر كەلوپەلەكانیاندا دەگیرێت.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن لە گەڕان و پشكنینێكدا 2 هاووڵاتییان دەستگیر كردووە كە سەرقاڵی ڕاوكردنی باڵندەی كێوی بوون، دەستیشیان گرتووە بەسەر؛ 2 كەوی زیندوو، 3 قەفەس، 1 چەكی جۆری تاپڕ، 4 فیشەكی تاپڕ، 2 دەسكە داو، 1 ئۆتۆمبێل.
كەوەكانو ئەو تاپڕەی لە پێنجوێن دەستیان بەسەردا گیرا 6-4-2020/ وێنە؛ پەیجی پۆلیسی ژینگەو دارستانی سلێمانی لە فەیسبوك