یەكێتی لە كەركووك وەڵامی ڕاكان جبووری دەداتەوە و هێرشی توندیش دەكاتە سەر پارتی

20-05-2019 01:53

پەرەگراف

مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك، وەڵامی ڕاكان جبووری دەداتەوە و هێرشی توندیش دەكاتە سەر پارتی و دەڵێت: ئەوانەی لە هەولێر فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركووك هەڵدەڕێژن، دۆخی كەركووك لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە سەقەتەكەی ئەوان هاتە كایەوە.

مەڵبەندی دووی ڕێكخستنی كەركووكی یەكێتی، ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی 19ی مانگی ڕاكان جبووریی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، بڵاوكردەوە و دەڵێت "یەكێتی هیچ جۆرە هاوبەشییەكی لەگەڵ ڕاكان سەعید و حكومەتی خۆجێیەتیی پارێزگای كەركووك نییە".

لەبارەی كێشەی گوندی پەڵكانەشەوە لە ڕاگەیەندراوەكەی مەڵبەندی یەكێتیدا هاتووە "سەبارەت بەوەی كە ڕاكان جبووری دەڵێت خەڵكی گوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان، خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە نین و عەرەبە هاوردە كان خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەن، بۆ ئەم بابەتە ئێمە وەكو یەكێتی سەرژمێریی ساڵی 1957 بە بنەما دەگرین، ئەوكات با بزانین كێ خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیە".

مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك جەخت لەوە دەكاتەوە "ئەوەی ڕاكان جبووری بە خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیان دەزانێ، عەرەبی هاوردەن".

بەپێی نووسراوێك كە لە میدیاكاندا بڵاوكراوەتەوە، ڕۆژی 17ی ئایار ڕێككەوتنێك لە نێوان لایەنە عەرەب و توركمانەكان و كاكەڕەش سدیق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای یەكێتی لە لیستی برایەتی واژوو كراوە، لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی دیوانی پارێزگای كەركووك. لە خاڵی یەكەمی ئەو ڕێككەوتنەدا باس لەوە كراوە كە ڕاكان جبووری لە پۆستی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی پارێزگاكە بەڕێوە دەچێت.

بەڵام مەڵبەندی یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە ڕێككەوتنی كردبێت بۆ ئەوەی ڕاكان سەعید وەكو پارێزگار بمینێتەوە تاكو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و دەڵێت "ئەمەی كراوە جێگری پارێزگار بۆ پێكهاتەی عەرەب بێت، كەواتە دیارە پارێزگاری كەركووك مافی كام پێكهاتەیە".

یەكێتی لە كەركووك پێی وایە لەوباریەوە "چەند كەناڵێكی میدیا و سوشیال میدیا كەوتوونەتە هەڵمەتكی بێ بنەما لە بەرامبەر كەركووك و شێواندنی ڕاستییەكان". لە بەرانبەر ئەوەشدا پارتی تۆمەتبار دەكات و دەڵێت "ئەوانەی كە بەشێك لە لیستی برایەتییان پەكخستووە بە بیانووی بێ بنەما، جگە لەوەی كە بوونەتە هۆكار بۆ دانەنانی پارێزگارێكی كورد، لە هەمان كاتدا وایان كردووە كەوا ئەنجوومەنی پارێزگاش سست ببێ".

"ئەوانەی لە هەولێر فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركووك هەڵدەڕێژن، دەبێ باش بزانن دۆخی كەركووك لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە سەقەتەكەی ئەوان هاتە كایەوە. لە كاتێكدا لە تەواوی شوێنەكانی تری عێراق بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی و ڕۆژانە دەستلەملانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەكەن و هەوڵی ڕێكەوتنی ژێر بەژێر دەدەن تەنانەت لە گەڵ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت"، مەڵبەندی ڕێكخستنی یەكێتی لە كەركووك لە ڕاگەیەندراوەكەیدا وای نووسیوە.

ڕاگەیەندراوەكەی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك، پاش ئەوە هات ڕاكان جبووری، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی زۆر باشە و سەبارەت بە پرسەكانی كەركووك گفتوگۆمان هەیە و هاوبەشی یەكترین".

هەروەها ڕاكان جبووری گوندی پەڵكانەی بە نیشتمانی عەشیرەتی شەمەر ناو برد و لەبارەی دانیشتووانە كوردەكەی ئێستایەوە وتی "یەك هاووڵاتیشی تێیدا نییە خەڵكی كەركووك بێت".