دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم "ڕاستە"؛ باڵیۆزی عێراق لە لوبنان پشتڕاستی دەكاتەوە

22-05-2019 12:20
نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف

سەرچاوەیەكی باڵای كورد بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لە بەیروتی پایتەختی لوبنان "ڕاستە‌و پارتی لەسەر هێڵە بۆ ئازاد كردنی"، هاوكات باڵیۆزی عێراق لە لوبنان دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پشتڕاست دەكاتەوە. ئەوە لە كاتێكدایە بەیاننامەیەك بەناوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی نەجمەدین كەریم بڵاوكراوەتەوەو ئەو هەواڵەی ڕەتكردووەتەوە.

سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف دەڵێت "پارتی لە ئاستی باڵادا لەسەر هێڵن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بڕیارە سبەینێ یان دوو سبەی ئازاد بكرێت".

هاوكات عەلی عامری، باڵیۆزی عێراق لە لوبنان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە نووسینگەی بەیروتی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی ڕاگەیاندووە، چاودێری دۆسیەی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم دەكەن لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵ لە فڕۆكەخانەی بەیروت.

باڵیۆزی عێراق لە لوبنان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان لە گفتوگۆدان لە چوارچێوەی یاسادا.

ئەمشەو میدیای فەرمیی عێراق لە زاری بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق لە بەیروت، هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوكی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بڵاوكردەوە، لە هەواڵەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، پۆلیسی ئینتەرپوڵ دەستگیریان كردووە بەهۆی بڕیاری دەستگیركردنی لەلایەن دادگای عێراقییەوە.

دوای بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، ڕاگەیەندراوێك بەناوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی نەجمەدین كەریم بڵاوكرایەوەو تێیدا هاتووە "جارێكی تر چەند كەناڵێكی راگەیاندن وەك پیشەی هەمیشەییان و دوور لە پرەنسیپ و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی، هەواڵێكی چەواشەكارییان بڵاوكردووەتەوە، گوایە بەڕێز دكتۆر نەجمەدین كەریم لە كاتی گەشتكردنی بۆ وڵاتی لوبنان، لە فڕۆكەخانەی بەیرووت دەستگیركراوە."

ڕاگەیەندراوەكە "لێرەوە بۆ هەموو هاونیشتمانیان لە كوردستان و بەتایبەت شاری كەركوك رادەگەیەنین؛ كە سەرلەبەری ئەو هەواڵە دوورە لە راستیەوە و بەڕێز دكتۆر نەجمەدین كەریم، بۆ كاری ئاسایی و دیپلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە كوردستان".

نووسینگە ڕۆژنامەوانییەكەی باسیلەوەش كردووە "دروستكردنی ئەم جۆرە هەواڵانە بۆ چەواشەكردن و بەلاڕێدابردنی هاونیشتمانییانە و هەروەها بۆ دوورخستنەوەی رایگشتییە لەو كێشە و گرفتانەی ئەمڕۆ لە پارێزگای كەركوك هەن".

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوە بۆ كەركوك، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات.