شەقامیان گریاند

16-01-2017 04:44


لەماوەی چوار مانگی بوێری‌و دەربڕینی ناڕەزایەتیەكان، دژی برسیكردن‌و بێڕێزیكردن بەكۆی هاوڵاتیان‌و فەرمانبەران‌و مامۆستایان، دوای ئەوەی دەسەڵات لەڕابردوداو بەئێستاشەوە، بەردەوامە لە هەڕاج كردنی سامانی وڵات‌و گوێنەدانە داواكاری توێژەكانی كۆمەڵگە، لەنێویاندا مامۆستایان‌و پرسی پەروەردە.. دوای زیاتر لەسەد ڕۆژ بەردەوامیی‌و درێژەدان بەناڕەزایەتییەكان، دواجار بەسەركەوتنی مامۆستایان كۆتایی بە بایكۆت هێنرا.

 

ڕاستە داواكارییەكان بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكان‌و موچەو بژێوی بوو، كە نەهاتەدی، بەڵام سەركەوتنی پەیامەكە لەوەدابوو كەڕووی ڕاستەقینەی حكومەت‌و دەسەڵاتێكی دەرخست كە ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبێ مامۆستاو پەروەردەو گوزەرانی هاوڵاتییانە، ئەوەی خەمی یەكەمی ئەم حكومەت‌و دەسەڵاتەیە تەنها بەرژەوەندی ئابوری‌و پڕكردنی گیرفانی خۆیانە.

 

مامۆستایان سەركەوتن بەوەی مێژوویەكیان بۆ ئەم حكومەتە نوسییەوە كە پڕیەتی لەشەرمەزاری‌و شكست لە بەڕێوەبردنی وڵات، مێژوویەك نەوەكانی داهاتوو دەزانن كە حكومەتێك هەبوو لەماوەی كاركردنیدا چوار مانگ پڕۆسەی پەروەردە پەكی كەوت، كەچی ئەلفێكی بۆ وتن نەبوو، گریانی ئەمڕۆی شەقام كە پڕیەتی لە ئیحساسێكی نیشتیمانپەروەری‌و خەمی دوا ڕۆژی نەتەوەیەك، مەسجێكی جوان بوو بۆ هەموو دنیا، لەبەرامبەر دەسەڵاتێك كە هەست بە بەرپرسیارێتی ناكات.

 

ئەم گریانەی شەقام داهاتوویەكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت‌و دەستپێكێكە بۆ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەكان لەقۆناغەكانی داهاتوودا، دژ بەو هەموو ناعەدالەتیەی كە هەیە.. لەكۆتاییدا پێموایە ئەگەر دەسەڵاتی ئەم هەرێمە چاكسازی جەوهەری نەكات، ئەوا ئەگەر ئەمڕۆ شەقام بەسەربەرزییەوە گریابێ، سبەینێ دەسەڵات ئەم گریانە دەبینێت، بەمێژوویەكی پڕ شەرمەزارییەوە.