كەوتنی داهۆڵەكانی سیاسەت

05-11-2017 03:54

 

داهۆڵ بەو دارە دەگوترێت كە لەناو كێڵگەكان دادەنرێت لە شێوەی مرۆڤە، كراسێكی بەدووقۆڵەوە لەبەردایەو كەللەسەرێكی پەڕۆو كڵاوێك‌و هەندێكجار قژێكی دەستكردیش لەخۆ دەگرێت، داهۆڵەكان كاریان دروستكردنی ترسە، بەڵام ترسێكی دەستكردەو بۆ بەرژەوەندی بەكاردێت، دەبینین كاتێك چۆلەكەكان ڕوو لەناو كێڵگەیەكی گەنم دەكەن، بەڵام بە جوڵانەوەیەكی لەناكاوی داهۆڵەكە بەهۆی كاریگەری(با) تەواوی چۆلەكەكان دەترسن‌و دەفڕن، داهۆڵ كاری گەیاندنی ترسەو كاریگەری خۆی دەكاتەسەر ئەوانەی ئەم ترسە بەڕاست دەزانن، ئەم ترسە زۆركات بەرامبەر دوردەخاتەوە لە گەیشتن بە ئامانجەكان، وەك گیڤارا گوتی ئەو چۆلەكەیەی لە داهۆڵ دەترسێت لەئەنجامدا لەبرسان دەمرێت، واتا ئەوانەی ئەم ترسە دوستكراوە بەڕاست دەزانن دەبنە قوربانی و خەڵەتاون.

 

داهۆڵ لە پەیوەندیدا بەسیاسەتەوە وێنای ترسی دەسەڵاتمان بۆ دەكات، كاریگەری وەهمو سێبەرەكانی دەسەڵات دەردەخات بۆ كۆمەڵگا، دەسەڵات بەردەوام پێویستی بە كۆمەڵێك داهۆڵی سیاسی هەیە تا خەڵك بترسێنێت‌و بێدەنگیان بكات، كۆمەڵگا پاسیڤەكان ژینگەیەكی گونجاون بۆ داكوتانی داهۆڵەكانی سیاسەت‌و كاریگەرییان دەبێت، دەسەڵاتە ستەمكارو دیكتاتۆرەكانیش داهۆڵ بەچەكی مانەوەیان دەزانن، داهۆڵە سیاسیەكان ترسی ڕاستەقینەی دەسەڵات نیشاندەدەن، بەڵام دەسەڵات خودی خۆینا بەڵكو لەڕێگەی داهۆڵەكانەوە ترس دابەشدەكات، دیوەشاراوەكەی داهۆڵ ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە، بەڵام داهۆڵەكان لە كۆمەڵگا ئەكتیڤەكان ناتوانن زۆر خۆڕابگرن، خەڵك دەزانێت داهۆڵەكان بریتین لە پارچە پەڕۆو دارو وەهمی درۆزنانە، داهۆڵەكان نوێنەری دەسەڵاتن بۆ سەركوتكردنی خەڵك‌و مانەوەی سیستم، خەڵكە خەڵەتاوەكە بڕوا بەم سمبولە ترسەی دەسەڵات دەكەن تا ئەوكاتەی هۆشیار دەبنەوە، وەك جوبران خلیل جوبران دەڵێت (داهۆڵ بێزارنابێت لە ترساندنی مرۆڤەكان‌و چێژی لێوەردەگرێت، ئەوانەش چێژی لێوەردەگرن كەوەك داهۆڵ مێشكی بە كا پڕكرابێت) واتا داهۆڵەكان شتێك نین جگە لە گەیەنەری ترس، خۆیان ترسی حەقیقی نین.

 

داهۆڵەكان لە كۆمەڵگای كوردیدا هەندێكجار دەردەكەون بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵات، داهۆڵی خیانەتی نیشتمانی بەكاردێت بۆكپكردنی ئازادی‌و ڕەوایەتیدان بە تەخوین، داهۆڵی ترسی خۆپیشاندان‌و لەدەستدانی ئەزمونەكەمان زوو خۆنمایش دەكات، لە كاتێكدا مرۆڤ لێرە بۆتە برغویەكی بچوكی ناو مەكینەی دەسەڵات‌و زۆر بچوك كراوەتەوە، تاكی كوردی پارچە پارچەكراوە تاوەكو نەتوانێت خۆڕابگرێتەوە، لەم ژینگەدا دەبێت هێزێك دروست ببێت بتوانێت تاكی پارچەبوو كۆبكاتەوەو داهۆڵەكان ڕاماڵێت، دەبێت ترس لە گۆڕنرێت‌و خەڵك بێتەسەر شەقام، كۆكردنەوەی وزەكان پێكەوە هێزێك دروستدەكات داهۆڵ‌و ڕەگەكانی دەسەڵات دەردەهێنێت، كاتی كۆتایی داهۆڵەكانەو ستەمكارەكانی مێژو بەدەستی خەڵك هەڵتەكاون، داهۆڵەكان ترسێكی درۆزنانەن شنەبا دەیانجوڵێنێت نەك خۆیان، داهۆڵەكانی سیاسەت بەرەو كەوتن دەچن كاتێك پاڵەوانانی فەیسبوك بێنە شەقام‌و ڕۆشنبیرەكانی ماڵەوەش بەپڕاكتیك ڕێبەرایەتی شەقام بكەن، كۆتایی داهۆڵەكان بەرەو گۆڕانكاری دەسەڵات دەمانبات‌و تەنیا پێویستی بە ئیرادەیە، ئیرادەیەك بتوانێت گەز لە دەسەڵات بگرێت‌و خەبەری بكاتەوە، وەك سوقڕات دەیگوت ئەسینا ئەسپێكی تەمبەڵەو منیش مێشی ئەسپم، دەمەوێت خەبەری بكەمەوە.