گەنجان‌و حزبەكان

16-11-2017 09:05

 

گەنجان چینی دیاری ناوكۆمەڵگان، كە بەچالاكترین‌و پڕ وزەترین چین ئەژماردەكرێن، دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن لە خزمەتكردن لەسەرجەم بوارەكانی ژیان‌و بەڕێوەبردنی ئیدارەی حزبی‌و حوكمڕانی لەهەرێمی كورستان.

 

بەداخەوە ئەم چینە چالاكە پڕ وزەیە كراوەتە چینێكی ناچالاكی گوێڕایەڵی پەراوێزخراو، ئەگەر سەیرێكی شێوازی بەڕێوەبردنی حزبە كوردییەكان بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە زۆربەی جومگە هەستیارو دیارەكانی ناوحزبەكان كە شوێنی بڕیاردانن، بەدەستی كۆمەڵە كەسانێكەوەن كە لە شاخەوە هاتوونەتە شارو ماوەی زیاترلە چارەكە سەدەیەكە حوكمڕانییەكی شكستخواردوویان لەم هەرێمە كردووە، هاوكات بەشێكی زۆریان خاوەنی بڕوانامەی نزمن یاخود هەر هیچ بڕوانامەیەكی ئەكادیمییان نییە‌و لە كۆمەڵێك سیاسیی بیركورت بەولاوە هیچیتر نین.

 

ئەم كۆمەڵە كەسە بە ناوی شۆڕش‌و ئەزموونەوە نەك هەر گەنجانیان پەراوێز خستووە، توانیویانەو سەركەوتووش بوون لەوەی هەركات بیانەوێت گەنجان بەكاربهێنن بۆمەبەستی سیاسیی خۆیان.

 

هەردەم سەرانی حزبەكان لەكاتی دروستبوونی تەنگەژەی ناوخۆو سازدانی خۆپیشاندان كە هەندێك جارگرژی‌و قوربانیشی لێكەوتۆتەوە، گەنجانی خۆیان ناردۆتە سەرشەقامەكان، دواتریش ئەگەر بە سوودی حزبەكە خۆی تەواو بووبێت ئەوا خێرا سەركەوتنەكانیان وەك دەسكەوتی سیاسی بۆخۆیان بردووە، لەكاتی شكستیشدا خۆیان بێبەری كردووەو گەنجانیان بە تاوانبار ناساندووە.

 

هەربۆیە پێویستە گەنجانی ناوحزبەكان چ سیكۆلارو چ ئیسلامییەكان بەئاگابێنەوە‌و بەبیری خۆیانی بهێننەوە كە ئەوە ئەوانن دەبێت حوكمڕان بن‌و بڕیار بەدەستی حزبی‌و حكومی بن، ڕۆڵیان هەبێت لە بوونیادنان‌و بەرەوپێشچوونی هەرێمەكەیان، نەك كۆمەڵێ كەسی بەناو سیاسی بۆ مەبەستی سیاسی‌و كەسیی‌و مەرامی تایبەت بەكاریان بهێنن.

 

لەكاتێكدا بەشێكی زۆری ئەم سیاسییانە تێوەگلاون لە گەندەڵی‌و خراپ ئیدارەدانی حزبی‌و حكومی‌و ڕۆڵی دیاریان هەبووە لە شكستهێنانی ئیدارەدانی كوردستان.