سوپاسێكی حكومەت قەرزارین!

28-11-2017 09:49

 

حكومڕانی حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی گشت ئەركی یاسایی‌و بڕیاری ناو كۆبونەوەكانی حكومەت‌و بەكەمێك لەو پڕۆژە گرنگانەی لە خوارەوە ئاماژەی پێدەدەین، خەڵكی كوردستان قەرزاری سوپاسێكی ئەمەكدارانەی حكومەتە كە شایستە بە پرنسیپە جوانەكانیان لەم وڵاتە خولقاندویانە:

 

دانانی سیستمی بانكی‌و رێكخستنی موچەی موچەخۆران و پلانی درێژخایەن بەو كەرتانەی كە كەم ئاوڕیان لێدراوەتەوە لەم ماوەیەی حكومەتی ئێستا كە لەهەوڵی بێوچاندا بووە، تاگەیشتوە بەم قۆناغە گەشەسەندوو پێشكەوتوەی لەمڕۆدا دەیبینین لەهەرێم، من بە پێویستی دەزانم نەك حكومەتی ناوەند بەڵكو دەوڵەتانی تریش پەیڕەوی ئەم سیستمە بكەن.

 

لەسەروی سیستمی ژینگەو ڕێگاوبانێكی ستانداردەوە ئێمە سیستمی میترۆ و شەمەندەفەرمان لە هەرێمدا بەخۆوە بینی ئەمەش یەكێك بوو لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی هەرێم و گەورەترین دیاری بوو بۆ كاسبكاران و مسافیرانی وڵات كە لەماوەیەكی كەم گەیشتن بەشوێنی مەبەست.

 

ڕێكخستنی كاروباری دام و دەزگاكان بەشێوەیەكی شایستە كە جێگای هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی نەبێتەوەو كاركردن بۆ بنبڕكردنی بەرژەوەندی خزمایەتی و چین و توێژەكان كە نەتوانن داهاتی وڵات بەویستی خۆیان بەكار بهێنن‌و پاڵپشتی تەواوی جوتیاران‌و خوێندكاران و گشت چین و توێژەكان بە پاڵپشتی حكومەت بە قەرز و پێشینە و هاوكاری دەیان ڕێكخراو و سێكتەر كە كاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر كۆمەڵگە لە چینەكانی لاوان و خوێندكاران و ئافرەتان‌و ئەوانی دیكەش.

 

دەوری باڵای بینیوە لە رێككردنی كاروباری بازرگان و سەرمایەدارەكان بەجۆرێك كە نەتوانن تەواوی بازاڕ كۆنتڕۆڵ بكەن بەنایاسایی، چونكە حكومەت بەپاڵپشتی یاساكانی پەرلەمان دەوری باڵای گێڕاوە لەنەهێشتن‌و دزە كردنی كاری ناڕەواو لەپاڵ ئەمەشدا دەستەی لێپرسینەوە و دەستپاكی كاری جددی كردووە لە ڕێگری كاری تایبەت لەناو سێكتەرەكانی حكومەت.

 

لەماوەی چواردە ساڵی ڕابردوو لەدوای ئازادكردنی عێراقەوە كە داهاتی هەرێم تیایدا بەرزبوەوە بۆ %17 لەناویاندا بەتایبەت ئەم چوار ساڵەی پێش ئێستا مۆدێلی بەدامەزراوەیی حكومڕانی، ڕوونی لە داهات‌و خەرجییەكان و داهاتێكی زۆر وەك یەدەگ بۆ نەوەكانی ئایندە و كارەساتە كتوپڕەكانی وڵات، جگە لەمەش كاری لێنەبڕاو و بێوچانی كردووە لەگەڵ كەسانی شارەزا و ئەكادیمیستانی هەرێم بۆئەوەی ئەم جۆرە لە ئەزموون وەك پایەیەكی گرنگ و بنەغەیەكی پتەو بكەن بە داینەمۆیەك كە بەگۆڕانی دەسەڵاتەكان هیچ لەم ئەزمون و كارانە كپ نەكرێن و بەردەوام بن لە گەشەسەندنی وڵات.

 

گرنگیدانی حكومەت بە خوێندنی باڵا بەهەموو بەشەكانییەوەو پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە بەتایبەت لەڕێگەی هاندانی ئەو خوێندكارانەی كە داهێنانی بێوێنەیان بۆ مرۆڤایەتی كردووەو كارئاسانی و دابینكردنی كورسی بۆ خوێندكارانی بیانی كە بێن ئەزمون‌و پێشكەوتنی وڵاتی ئێمە ببینن‌و پێشكەشی وڵاتی خۆیانی بكەن، لە دراسە زانستی‌و پڕاكتیكییەكاندا ئەمەش لەبەرمەبنای ئەو مەوادە زۆر و زەوەندە كیمیاییانەی لەناوخۆی وڵاتدا هەن كە یاریدەدەری باشە لەپێشكەوتنی پترۆ كیمیاییەكان لە سێكتەری خوێندنی باڵادا.

 

رێكخستنی سێكتەری پیشەسازی و هێنانی دەیان كارگە لەپێناو هەڵسانی ژێرخانی ئابوری و زیادكرنی داهاتی ساڵانەی تاك و بەسیستەمكردنی كاری كرێكار و سەلامەتییان و ڕێكخستنی كاری كرێكارانی بیانی و ناوخۆ بەجۆرێك كە ماف و ئەركی هەموو هاوڵاتییەكی خاوەن ڕەگەزنامەی وڵات شایستەی هەموو پێگەو ڕێز و شكۆمەندی وڵاتن بەتەواوی سێكتەرەكانییەوە.

 

دروستكردنی دەیان بەنداو و گلدانەوەی ئاوێكی زۆر و دابینكردنی كارەبای بەردەوام جگە لەمانەش پاڵپشتی كەرتی گەشتیاری و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی شارەكان بە ماستەرپلانی مۆدێرن و گەشەسەندنی كەرتی وەبەرهێنان، زۆربەی تەندەرەكان بێ جیاوازی و لەزیادكردنی ئاشكرادا دراون بە كۆمپانیا ئەمەش بە سودێكی باش بۆ حكومەت شكاوەتەوە.

 

ئەمانەو سێكتەرەكانی تری وەك گازی شروشتی و نەوت و چیاكانمان یاریدەدەری باش بوون كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەم پێشكەوتنەی هەرێم و بە كەمێك سەیركردن و تێڕامان و خستنەڕووی كەمێك لەم سێكتەرانە دەتوانین بڵێین حكومەتی هەرێم سوپاسێكت قەرزارین"سوپاس".

 

من ئەو سێكتەرانەی پەنجەم خستنەسەر بەقورسیان نازانم لەهەمبەر داهاتی هەرێم‌و هیوام ئەخواست بە فیعلی قەرزاری سوپاسێكی حكومەت بوینایەو ئەمانە لەجیاتی خەونی جێبەجێكردن لە ئەرزی واقیدا ببونایە، دوور لەهەموو تانەو تەشەرێك بێویژدانییە بڵێن حكومەت هیچی نەكردووە، بەڵام ئەوەندەی هیواو چاوەڕوانییەكان لێیان دەڕوانی دەتوانین بڵێین كەمێكی كەمی لێ سەوز بووە، چۆن گەندەڵی زۆربەی سوچەكانی حكومداری گرتووەتەوە ئاواش كەسانی خەمخۆر هەن، بەڵام بڕیارو ڕاسپاردەكانیان ناگات بە پایانی مەبەست.

 

خوێنەر و ئەكادیمیست‌و ڕۆشنبیران و سیاسەتەوانان، دواكەوتوویی یان پێشكەوتن تا ڕاددەیەك نابێت ببەسترێتەوە بەوەی فڵان وڵات بەمەنە ساڵ گەشەی كردوەو دەبێت وڵاتێكی تریش ئەوەنەی پێبچێت، من ئەمە بەپاساوێكی پێویست نازانم، چونكە ئەگەر عەقڵییەتێكی پڕ ئیرادە هەبێت و فۆڕمێكی نوێ دابڕێژێت و بێچاوپۆشی لەم‌و ئەو، هەرچی زووبكرێت درەنگە، تەنیا شەڕە قسەو لێكترازان و توڕەبوونی سەر میدیاكان بەس نین بۆ گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی بەقەدەر ئەوەی سیاسیەكانمان تائێستا كارێكی وایان نەكردووەتەسەر نوخبەی سیاسی كە بتوانن دیدو تێڕوانین و شێوازی حكومڕانییان بگۆڕن.