شەقام‌و دەسەڵاتی ڕەش

21-12-2017 02:12

 

خۆپیشاندانەكانی ئێستا جیاوازترە لە خۆپیشاندانەكانی ڕابردو، خەڵك گەیشتۆتە كۆتایی نائومێدییەكان بەم دەسەڵاتە نادیموكراسیە، گەنجەكان بۆ سەندنی مافی خۆیان گوللە گەرمەكان لە جەستەیاندا سارد دەكەنەوە، هێزی خۆپیشاندەران هەمو حزبەكانی توشی شۆك كردوە، یاخیبون لەم دەسەڵات‌و دەموچاوانە گەیشتۆتە لوتكە، دەسەڵات هەموانی توشی برسیەتییەكی دروستكراو كردوەو گاڵتە بە چارەنوسی گەنجەكان دەكات، هۆشیاربونەوەی مافخوراوان وادەكات وزەیەكی گەورە دروست ببێت‌و هەموان بلەرزێنێت، گەنجە گیرفان بەتاڵەكان بەفەرمانی مافیاكانی نەوت شەهید دەبن، ئەو گەنجانەی دەسەڵات ماوەی بیست‌و شەش ساڵە خەونەكانیان دەكوژێت، دۆڕاوەكانی جەنگ لە شەو و ڕۆژێكدا نیوەی كوردستانیان دۆڕاند و هەڵاتن! بەڵام لەپێناو بارەگاكانیان شەقامەكان سور دەكەن بەخوێن، دۆڕاوەكانی جەنگ كۆتایی ئەخلاقی سیاسیان هات كاتێك بازرگانییان لەگەڵ داعش دەكردو هەزاران پێشمەرگەشیان كردە قوربانی.

 

یەكێتی‌و پارتی هەرگیز ناگۆڕێن‌و دەستهەڵناگرن لە هێزی چەكداری حزب، هێزەچەكدارەكان وەك دیوارێك بەكاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی حزب، كاتێك پشتیان لە كەركوك كردو لولەی چەكەكانیان لە شەقام كرد دەركەوت كە ئێوە تەنیا بە چەكەكانتان وەستاون، دیكتاتۆرەكانی دونیا تا كۆتاییان ئومێدیان بە چەكەكانیان هەبو، بەڵام لە كۆتاییدا هەردەبێت بوەستن‌و بۆشاییەكی دیاریكراوی ناو مێژوی ڕەش پڕبكەنەوە، مێژو جێگایەكی تایبەتی بۆ ئێوەی گەنجكوژ دیاریكردوە، مێژوی نزیكی بەهاری عەرەبیتان بەچاوی خۆتان بینی كە چۆن چەك فریایان نەكەوت‌و كۆتاییان هات، وەك محەمەد ماغوت وتی، دیكتاتۆرەكان وەك ژمارەی پێوانەین‌و ڕۆژێك دێت بشكێندرێن، ئەم دەسەڵاتە جوتحزبە گەیشتۆتە كۆتایی لە ناشیرینی، ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە لە ستەمكاری، تەنانەت هەمو دونیا پشتی لەم دەسەڵاتە ناشیرین‌و ڕەشە كردوە.

 

بەردەوام ستەمكارەكان لە خۆپیشاندان‌و جوڵەی شەقام تۆقیون، چونكە ئەم دەسەڵاتە پڕە لە سیاسەتی ڕەش دژی خەڵكەكەی، دەسەڵات هەرگیز وەك ئەمڕۆ نەتۆقیوەو شارەكانی پڕكردوە لە هامەرو چەكدارو چەكی قورس، بەرپرسە سەربازییەكان لەجەنگ گەڕاونەتەوە دەستیان سوركردوە بە خوێنی خۆپیشاندەران، پێشمەرگەی گیرفان بەتاڵ كە زۆربەیان مافخوراون و توڕەن لەم دەسەڵاتە كلیپتۆكراسیە بەكاردەهێندرێن بۆ كوشتنی گەنجە برسیەكان، خۆپیشاندەران داوای هاتنە كایەی دەسەڵاتێكی دادپەروەر دەكەن نەك كەمینەیەكی خەنی‌و زۆرینەیەكی برسی، هۆشیاربونەوە سەرەتایەكە بۆ كۆتایهاتنی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن‌و دژە دیموكراسییە، هەرگیز لەخۆت پرسیوە بۆچی چەند كەسێكی دوو بنەماڵە پێنج ملیۆن كەسیان برسی كردوە؟ ئەمە سەرەتای هۆشیارییەكی گەورەیە بۆ كۆتایهاتنی دەسەڵاتە ڕەشەكە، ئێستا كۆتایی سیاسەتەو ئەوەی دەسەڵات دەیكات توندوتیژی‌و كوشتنە، دەریدەخات ستەمكارەكان چەند دەترسن لە جوڵەی شەقام، ئەم دەسەڵاتە لەهەمو هێزو هەمو تاكەكەسێكی دەرەوەی خۆی دەترسێت، ئەم ترسەش لە شەقام سەری دەسەڵاتە ڕەشەكە دەخوات.