گەڕانەوە بۆلای نووری المالیكی!!

23-12-2017 09:23

 

یەكێك لەو كارتە سیاسیانەی كوردستان پێویستە بەكاری بهێنێت، ڕێگریكردنە لەو دەسەڵاتانەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كە ئێستا پەیڕەوی دەكات، چونكە غرووری عەبادی، لەوە دەرچووە كە دەرفەتی بۆ گفتوگۆ ڕەخساندبێت، كوردستان لە نێوان خراپ و خراپتر، دەبێت بیر لە خراپ بكاتەوە.

 

لە نووسینەكانی ڕابردووم، باسم لەكارتی بەكارهێنانی سوننە كردەوە، بۆ ڕێگری لە هەژوونی دەەسەڵاتی شیعە لە بەغدا، ئێستاش تاكە چارەسەر كە كوردستان بیكات بۆ ئەوەی باڵانسی هێز لە عێراق لەوە زیاتر تێك نەچێت، باشترە سیاسەت لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆكی حزبی دەعوەی عێراق‌و سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق بكات، چونكە ئەگەر بمانەوێت مەیدانەكە بۆ عەبادی بەجێبهێڵین ڕەنگە لە داهاتوو ڕێگای بۆ تەخت ببێت‌و عێراق لەوەزیاتر بەرەو هەڵدێرببات.

 

كوردستان بۆ ئەوەی باڵانسی هێزی عێراق ڕابگرێت، دەبێت ڕكابەری عەبادیشی لەبەرچاوبێت، كە ئێستا نووری مالیكیە، هیچ كاتێك نابێت كوردستان ئەوەی بیر بچێتەوە كە سەرجەم ئەم نەهامەتیانەی بەسەر كوردستان هاتووە، دەرئەنجامی سیاسەتی مالیكی بووە، دووبارە مامەڵەكردن لەگەڵ مالیكی، دەمانخاتەسەر یارییەك ئەویش شەڕی سیاسی لە ماڵی شیعە دروست بكەین، چونكە ئەگەر لە عێراق دوو ئاڕاستەیی هەبێت ئەوەی ئێستاش ڕوونادات، خۆ ئەگەر ئێستا لە عێراقدا لە دەرەوەی عەبادی، بیركردنەوەیەكی دیكە هەبوایە، ئاڕاستەی گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا وەك ئیستا نەدەبوو.

 

بۆ كورد هەركەسێك ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەك یەكە، لەسەردەمی ئیبراهیم جەعفەری تا ئەیاد عەلاوی‌و نووری مالیكی‌و حەیدەر عەبادیش سەرجەمیان یەك سیاسیەت پەیڕەوی دەكەن، بەڵام ئەوە گرنگە كە كورد لە داهاتوو سیاسەت بكات، لەم قۆناغەی ئێستا دەربچێت، چونكە ئەوەی ئێستا دەیكات بریتییە لە ئاڕاستە نەتەوەییەكە‌و یاریی سیاسەتمان بیرچوەتەوە كە برتییە لە ڕووە فێڵاویەكەی، ئەگەر ئەوە نەكەین چاوەڕوان ناكرێت بەغدا گۆڕانكاری لە سیاسەتی ڕووبدات.

 

تائیستاش كوردستان هیچ هاوپەیمانییەكی سیاسی لە عێراق نەكردووە، جگە لە ڕێككەوتنی (2006 لەنێوان حزبی دەعوەو هاوپەیمانی نیشتیمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی)، بەڵام بۆ داهاتوو زۆر لیست و قەوارەی سیاسی هەیە لە عێراقدا دەكرێت سودی لێوەربگرین، چونكە كورد بە تەنیا خۆی ناتوانێت كارتێكی بەهێز بێت لەسەر بەغدا، ئەوەشی حەیدەر عەبادی كردوویەتی، بە بەراورد لەگەڵ مالیكی، جیاوازییان زۆر زۆرە، لەسەردەمی، نووری مالیكی پارە بڕدرا، لەسەردەمی عەبادی جگە لەوەی بەردەوام بوو لەسەر هەمان سیاسەت، بگرە دەستی برد بۆ پارەی گومرگەكان و داخستنی ئاسمانی كوردستان‌و دەست بەسەراگرتنی نەوتی كوردستان، لەسەردەمی مالیكی، هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی كرد ئەگەر پێشمەرگە نەبوایەی هێرشی دەكرد، بەڵام لەسەردەمی عەبادی، هێرشی كردو پێشمەرگەی شەهیدكرد و خاكی كوردستانیشیان داگیركرد، واتە عەبادی و مالیكی هەمان كەسی سیاسین كە دەبێت لێیان بترسین.

 

لەحاڵێكدا ئەگەر هاتوو كوردستان، یاری لەنێوان مالیكی‌و عەبادی كرد، ئەوكاتە دوو بابەت ڕوون دەبێتەوە، یەكەم: لەجیاتی یەك دەنگ، دوودەنگی لەبەغدا دروست دەبێت، كە لەبەرژەوەندی كوردستاندایە، دووەم: كوردستان ئەزمونێكی تازەی سیاسەتی تاقیدەكاتەوە ئەویش وازهێنانە لەو دیوە ڕاستەی سیاسەت، بەڵكو هەڵبژاردنی ئەودیوی دیكەی سیاسەتە كە بریتییە لە یاریی سیاسی، چونكە بەغدا چەند ساڵە ئەو یارییە سیاسییە لەگەڵ كوردستان دەكات، ئەگەر هاتوو كوردستان یارییەكەی ببردایەتەوە، ئێستا پێویستی بە مالیكی و عەبادی نەدەبوو، پێموایە لە ئاستی نێودەوڵەتیش تا ئەوكاتەی كوردستان پشتیوانی لە عەبادی بكات، گرفتیان نییە، بەڵام بە لاسەنگەی تەرازووی هێز لە عێراق، بێگومان كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دێتەسەرخەت.