نەوەی فەل

04-01-2018 08:54

 

لەناو موڵكی تایبەتی خەڵكی ترا تۆ ناتوانی ئازادبیت، بەڵكو بڕێك ئازادیت پێ ئەدرێ‌و نادرێ. تۆ ناتوانی خاوەن ئیرادە بیت، بەڵكو جێبەجێكاریت‌و ڕۆڵێكت پێ ئەدرێ و نادرێ. تۆ ناتوانی خاوەن ماف بیت، بەڵكو خێر پێكراویت‌و شتێكت ئەدرێتی و نادرێتێ.

 

لەناو ماڵی تایبەتدا تەنیا ئیرادەی خاوەنماڵ ڕاستەقینەیە، تەنیا ئازادی ئەو ئازادییە، تەنیا مافی ئەویش مافە، هی ئەوانیتر نین، هەشبن درۆیینەن، ماكیاج و كەڤەرن.

 

حزبیش لای ئێمە موڵكی تایبەتە، ئەو حزبەشی بە پارەی تایبەتی سەرۆك دانەمەزراوە، هەر موڵكی تایبەتی سەرۆكە، چجای حزبێك كە كابرا لە پارەی گیرفانی خۆی دروستی كردبێت!

 

لە وەها دۆخێكدا ئەوە تۆ بە جدیتە حزبییت؟ تۆ چۆن ئەتوانی هێندە بێ شعوربیت لەگەڵ ئیرادەی خۆتدا؟ چۆن ئەتوانی هێندە هیچبیت لەگەڵ ئازادیتدا؟ چۆن ئەتوانی هێندە ناكەس بیت لەگەڵ كەسایەتیتدا؟

 

ئاخر ئەو نەوعە حزبانە بە نیسبەت خاوەنەكەیەوە وەكو سەیارەكەی وایە، ئەتوانێ سەرتخاو ئەشتوانێ داتبەزێنێ، وەكو ماڵەكەی وایە ئەتوانی فەرمووت لێبكاو ئەشتوانێ بتكاتە دەرەوە، وەكو تەلەفزیۆنەكەی وایە ئەتوانێ دەرتخاو ئەشتوانێ ونتكا.

 

لە حزبێكی لەو نەوعەدا، تۆ بەجدیتە گلەییت هەیە لەوەی لە كۆنگرە دانەنراویت؟ بۆ كێشەكە ئەوەیە كە تیای نەبیت، یان عەیبەكە ئەوەیە كە هەر لەئەساسەوە لە وەها پڕۆژەیەكابیت؟

 

لەڕاستییا ناڕەزایی ئەو برادەرانەی نەوەی نوێ ئەرزشێكی نییە، چونكە هەمان فیلمە كۆنەكەی كۆنگرەی حیزبەكانی ترە، ئەوەی ئەندامە كێشەی نیەو ئەوەی ئەندام نیە هەیەتی، ئەگەر دەرچن كۆنگرە عەیبی نیەو ئەگەر دەرنەچن عەیبارە. ئەمە هەڵوێستێكی نزمە!

 

بەڵام نزمتر هی ئەو ئەكادیمی‌و ڕۆشنبیرو شتانەیە؛ كە سەری خۆیان كزكردووەو كابرا وەكو تەماتەو كولەكە لێیانهەڵئەبژێرێ، ئەمە بۆ قیادە ئەوە بۆ كۆنگرە ئەوە بۆ كاندیدی پەرلەمان.. ئەمەش گەنیوە بۆ تەنەكەی خۆڵەكە، تۆ چۆن ئەچیتە پڕۆژەیەكەوە كە ئەگەری تووڕدانتی تیابێت؟ چۆن ئەچیتە مەشروعێكەوە تەماتەو كولەكەبیت یان خاشاك؟

 

جا حزبایەتی كایەی گشتییە، كە بوو بە كەرتی تایبەت ئەو ئەگەری تووڕدانەی تێئەكەوێت، بۆیە نابێ زبڵ بیت‌و بچیتە ناویەوە.