سیاسەتی ترەمپ لە عێراق، باشتر بوو كورد وەك ئاوبێ!

08-01-2018 10:16

 

ئەولەویەتی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ ڕۆژرهەڵاتی ناوەڕاست لەوەتێپەڕناكات كە ئەمەریكا بەدوای بەرژەوەندییە باڵا سیاسی‌و ئابورییەكانی خۆیەتی، بۆیە ئەمەریكا لە ئێستادا گرنگی بەسەركەوتنی پلانەكەی خۆی دەدات لە عێراق، ئەویش بنەبڕكردنی تیرۆر و دروستكردنی دەوڵەتی عێراقێكی بەهێزە، كەبتوانێت كۆنتڕۆڵی سنورەكانی خۆی بكات‌و توانای ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو دەوڵەتانەی هەبێت كە بۆ ئەمەریكا لە ناوچەكەدا مایەی مەترسین.

 

سەردەمی (بۆش)ی سەرۆك جیاواز بوو، ئیدارەی ئەمەریكا ئامادەبوو لە كۆشكی سپی پێشوازی لە هەرچی كەسایەتی‌و خێڵی عێراقی بكات، ئێستا ئەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووەو كەسانی ئیدارەی ترەمپ جگە لە عەبادی گوێ بە كەسیتر نادەن، هەر هێزێكی تر لە دەرەوەی مەركەز، گلەیی هەبێت، ڕاستەوخۆ پێیدەڵێن بڕۆن لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا شەڕی مافەكانتان بكەن.

 

هەرێمی كوردستان 26 ساڵی لەبەردەمدابوو تا نموونەیەكی جوان پیشانی ڕۆژئاوا بدات، ئومێدی ئەمەریكییەكان بوو ئەو هەرێمە جیاواز بێت لە عێراق، بەس لەبەر دزی‌و گەندەڵی‌و حوكمی خێزانیی، ئەو هەموو هەڵە ستراتجییە، هەر لە پەیوەندی گومانلێكراو و گەندەڵی‌و ناشەفافی‌و نادیموكراتی‌و پێشێلی مافی مرۆڤ‌و مافی كەمە نەتەوەییەكان، زۆر زۆر لە ئەوەلیاتی سیاسەتی ئەمەریكا چۆتە پاش، وەك جاران گوێی لێ ناگرێت، پارتی‌و یەكێتی ئەم چانسە مێژووییەیان لە دەست خەڵكی هەرێم دا.

 

ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا مەبەستییەتی هەرێم لە ئاستی شیعەی عێراقدا بەهێزبێت، تەواو بێئومێد بووە لە پارتی‌و یەكێتی كە بونەتە سەبەبی لاوازی كورد لەناوچەكە، بەهۆی سیاسەتی چەوت‌و تاڵانیی سەروەت‌و سامانی هەرێم بۆ بنەماڵەكانیان، لەكاتی گوێگرتن لە كاربەدەستانی مەلەفی عێراق، دەردەكەوێت تەواو بێزارن لێیان‌و خوازیارن بەدیلێكی باش دەركەوێت، تامامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

 

بۆ كورد باشتربوو وەك ئاو، لەگەڵ تەواوی هەنگاو و پلانەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا خۆی بگونجێنێت، بێپلانی‌و تێنەگەیشتن لە سیاسەتی ئەمەریكی لە عێراق، وایكرد بنەماڵەكان‌و سیاسییەكانی ئێستا هیچ ئیعتیبارێكیان نەمێنێت لای ئەمەریكا، جارێكیتر نە وەك حزب نە وەك بنەماڵە ئیدارەی ئێستای ترەمپ ئامادەنین جگەلە وەفدی فەرمیی حكومەتی عێراق پێشوازیی لە هیچ وەفدێكیتر بكەن، لە داهاتوودا تەواوی مەلەفی عێراق تەسلیمی مەركەز دەكرێتەوە، كورد جارێكیتر ناچارە وەك ڕابردوو شەڕی مافەكانی لە بەغداد بكات.