كێ هاوپەیمانی پارتییە؟

15-01-2018 08:35

 

گرفتی كوردستان دابەشبوونییەتی بەسەر دوو زۆن، ئەوكاتەی ئاسەواری شەڕی ناخۆ لە كوردستان نەما، یان (پارتی‌و یەكێتی) ڕێككەوتن لەسەر ڕاوەستانی شەڕ، بریاردرا كە حكومەت‌و ئیدارە تێكەڵ بكرێنەوە، دەبوو هەر ئەوكات سەرۆك(بارزانی‌و تاڵەبانی) كۆمەڵێك پرسیان ببڕیایەتەوە، لەوانە پرسی دەزگای ئەمنیی‌و هێزی پێشمەرگە، چونكە گرفتی بەردەم كوردستان ئەوەیە كە هێشتا هێزی چەكدار تەحەدا بە سیاسەتەوە دەكات!.

 

ئەگەرنا دەبوو ئێستا بەپێی پێوەری كورسی‌و سەنگی سیاسی بێت، لەجیاتی یەكێتی هێزێكی دیكە ئەو ڕۆڵەی بگێڕایە، بەڵام یەكێتی هێزی چەكدارو دەزگای ئەمنیی هەیە، بەناچاری دەبێت پارتی مامەڵەی لەگەڵ بكات، چونكە دواجار ئەوەی لە زۆنی سەوزو نیلی ڕوودەدات، گرفتی بۆ هاوپەیمانی پارتی دروستكردووە، لە ساڵی 2014 پارتی هاوپەیمانیی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان تاقیكردەوە، بەڵام نەك مۆفەق نەبوو، بەڵكو دواجار گۆڕان لە توندوتیژییەكانی سلێمانی‌و سوتانی بارەگاگانی پارتی لەو سنوورە كۆتایی ئەو هاوپەیمانییەی ڕاگەیاند، ئیتر ئەوەی لە مەیدانەكە مایەوە حزبە ئیسلامییەكان بوون، كە جگە لە بوونیان تەنها بە ڕاگەیاندن لە فەزای سیاسی ڕۆڵیان نییە، لەبەڕێوەبردنی زۆنەكانیش بەهەمان شێوە، بۆیە پارتی ناچاركرا بگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ یەكێتی.

 

ئەوەی سەرەوە، هاوكێشەیەكی سیاسی كوردستان بوو، كە تاچەند بەرچاومان ڕوون بێت بۆ داهاتووی كوردستان‌و هاوپەیمانی؟ هەمووچاوەكان لەسەر پارتییە، لە هەڵبژاردنی داهاتوو چی دەكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ دەرەوەی پارتییەكان زۆر جیاوازە، لەوەی پارتی دەیزانێت، چونكە ئەگەر پارتی هەر هاوپەیمانییەك بكات، دەبێت بیر لە زۆنی سلێمانی بكاتەوە، كە لە ڕاستیدا ئەو زۆنە وەك جاران نامێنێت، ڕەنگە ئەم جارە ببێتە زۆنی (سەوزو نیلی‌وو هاوپەیمانیی-مەبەست حزبەكەی بەرهەم ساڵحە) كە گرفت لەوەدایە، پارتی دەبێت لەگەڵ حزبێك لەوزۆرنە مامەڵە بكات كە دواجار بتوانێت باڵانسی سیاسی ڕابگرێت، پارتی گرفتی لەگەڵ حزبی تازە دروستكراو هەیە، چونكە لێكگەیشتنیان بۆ داهاتووی كوردستان جیاوازە، بۆیە ئەو حزبانەی تازە دروست بوون، مۆفەق نەبوون لە سیاسەتكردن‌و هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی، ڕەنگە ئەوان باڵانسیان لەسەر ئەوەبێت كە ئاڕاستەی دژە حكومەت‌و پارتی وەربگرن كە ئەمەش پارتی نیگەران كردووە.

 

ئەوەی ماوەتەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، یەكێتی خراپترین هاوپەیمانی پارتی‌و ناچارترین هاوپەیمانە كە لەپرسە جیاوازەكان لەگەڵی بووە، پارتی ڕابردوویەكی ناخۆشی لەگەڵ هاوپەیمانیی یەكێتی هەیە، ڕەنگە سەركردایەتی پارتی لە پێناوی هەندێك پرسی نەتەوەیی چاوپۆشی لە یەكێتی بكەن، بەڵام باوەڕ ناكەم كادیرانی پارتی ئەمجارە خیانەتی 16ی ئۆكۆتبەری گروپێكی ناو یەكێتییان بیربچێتەوە كە دواجار هاوپەیمانیی هەردوولای هاوكێشەكەی سفر كردووە.

 

پارتی تووشی ناچاری هاوپەیمانیی سیاسی بووە، خۆ ئەگەر هاتوو لە داهاتوو پارتی هاوپەیمانی لە دەرەوەی یەكێتی بكات‌و یەكێتی لە دەرەوەی هاوكێشەی حكومەت بێت، چی ڕوودەدات؟ لێشاوێك چەكدار و پێشمەرگەی حزبی چەندین دامەزراوەی ئەمنیی حزبی لە دەرەوەی حكومەت دەتوانن بمێننەوە؟ بێ گومان نەخێر، چونكە دۆخی كوردستان ئەوە قبوڵ ناكات، دواجار هەندێك پرسیش هەیە بە یەكێتی نەبێت كۆنتڕۆڵ ناكرێت، چونكە هیچ نەبێت یەكێتی لە مەترسی سەر سلێمانی دێتەسەرخەت، بەتایبەت لە كۆنتڕۆڵكردنی توندوتیژیی خۆپیشاندان.

 

دوای ئەو هەموو بۆچوونە، دەبێت پارتی لەگەڵ كێ هاوپەیمانیی بكات؟ لە ڕاستیدا قسەیەكی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت"یەكێتی چ یەك كورسی‌و چ 100 كورسی بهێنێت هەر یەكێتییە" واتە هاوكێشەی سیاسی كوردستان بەلای یەكێتییەوە بریتییە لە مەنتقی هێز، بۆیە پەیامێك بوو بۆ پارتی كە دەبێت لەگەڵ ئەو هاوكێشەیە بێت، بەڵام ئەم جارە پارتی بەسانایی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و پابەند نەبوونی جەماوەری یەكێتی‌و یەكێتی بۆ ڕیفراندۆم بیر ناچێتەوەو ئەستەمە بەسانایی ڕازی ببێت. تەنیا یەك ڕێگا چارە هەیە، ئەویش یەكێتی سزای ئەو گروپە بدات كەدەستیان لەو خیانەتە هەبووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كێ دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات؟.