كۆتایی ڕێگاكە

28-01-2018 06:52

 

توركیا لەدوای كۆتاییهێنان بەداعش لە عیِراق تەواو پەراوێزخراوە، لەوكاتەوە كەمتر لە ناوچەكە باسی دەكرێت، لەبەرامبەر ئەو ئیهمالكردنەو ئایندەی خۆی لە ناوچەكە، دەستیكردووە بەجموجوڵ بەبیانوی پاراستنی سنورەكانی، لە دوای ئەو جوڵەیەی توركیا ئیتر شەڕی سوریا بەرەو كۆتایی دەچێت، ئامانجی توركیا ئەوەیە لە داهاتوودا شتێكی بەركەوێت، یان قسەیەكی هەبێت.

 

گەورەترین دۆڕاو لە سوریا و عێراق، توركیایە، دەستلەكار كێشانەوەی بارزانی كاریگەری ئەنقەرەی لە عێراق‌و هەرێم بەتەواوی لاوازكرد، سەردەمی زێڕینی ئەردۆغان لە عێراق‌و سوریا تازە بەسەرچوو، ئەو پارەیەی لە بۆری نەوتی جیهان دەستیكەوتووە، پارەی تریشی لەسەر دابنێت تازە ناگەڕێتەوە ئەو سەردەمە، پێش كۆتایی داعش كاریگەری بەسەر كۆی جوڵەكانی لە عێراقدا هەبوو لەڕێگای بارزانییەوە، لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمەریكا پلانی هەیە لە ڕێگای حكومەتی تازەی عێراقەوە، بەتەواوی هەموو بنكە سەربازییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان دەربكات.

 

بۆ عەفرین ناكەوێت؟

 

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا سنوردارەو، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەتوانێت چەند كیلۆمەتر سنور ببەزێنێت، ئەویش ئەگەر ئۆكەیی وڵاتەكەی دراوسێی هەبێت‌و ڕێگای پێبدات، سوریا تائێستا دژی ئەو لەشكركێشییەیە.

 

توركیا لە نزیك بنكە سەربازییەكانی غازی عەنتاب‌و دەوروبەری نزیكەی 40 بۆ 80 جەندرمەی ئامادەكردووە، وەك نمایش، ئەگینا ناتوانێت جوڵەیان پێبكات.

 

لە سی كیلۆمەتر نزیك ئەلباب، كەتەختانییە، كێشەی لۆجستیكی هەیە، كە ناتوانێت بەپێی پێویست كەلوپەل بۆ سەربازەكانی دابین بكات، عەفرین لەبەرزاییەو سەختە لەزستاندا، بەكەڵكی شەڕی مەیدانی و ڕێگای تانك و دەبابە نایەت كە ئاسان پێیدا بڕوات.

 

یەپەگەو یەپەژە لە لوتكەدان، گرتنی ڕەققە تەواو لەجیهاندا ناوبانگی بۆ دروستكردوون، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەواو ئامادەی هاوكارییانن‌و دەستبەرداریان نابن.

 

توركیا باش دەزانێت یەپەگە خاوەنی 35 هەزار شەڕڤانەو تەواوی خەڵكی عەفرینش چەكدار كراوە‌و شەڕی مەیدانیی‌و ڕوبەڕوی ئەو هێزەی پێناكرێت، دەیەویت بە كەمترین زیان لەو جوڵەیەی سەرعەفرین بێتەدەرەوە.

 

تەواوی هێزەكان بە ئەمەریكاو ڕوسیاو توركیاشەوە، دەزانن ئەو لەشكركێشییە چۆن دەستیپێكردوەو لەكوێ دەوەستێنرێت، بۆیە ناگاتە داگیركردنی عەفرین، دەرئەنجام سوریا بەرەو سەقامگیری‌و كۆتایی شەڕەكان دەچێت، لەسوریای تازەدا، كوردو عەلەوییەكان‌و بەشار سوریای تازە پێكدەهێنن.