نێچیرڤان بارزانی نەوتی كوردستان ڕادەستی بەغداد دەكات؟

30-01-2018 06:46

 

بەغداد هەرچییەك بكات، دواجار دەبێت متمانەی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە ئەگەرنا لە هەنگاوی دوای ڕیفراندۆم هێشتا ماوە!! دەركەوت ئەگەر بەغداد نەتوانێت لەگەڵ كوردستان هەڵبكات، دواجار (مارێكی سڕ) زیندوو دەبێتەوەو بەیەك پارچەیی عێراقەوە دەداتەوە، بۆیە باشترین بژاردە لەبەردەم عێراق گەڕانەوەی متمانەیە، چونكە سیاسەتی چەند ساڵی ڕابردووی عێراق بەتایبەت (نوری مالیكی)سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، وایكرد هەرێمی كوردستان پاشەكشە لەشەراكەت بكات، چونكە بڕیار وانەبوو بەغداد بەفەرمانێك مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت، پێشووتر كوردستانییان دەیانوت شەراكەت لە عێراق نەماوە، ئێستا دەڵێن،(مەترسی لەناوبردن‌و گۆڕینەوەی ناسنامەی نەتەوە بە بودجەمان لەگەڵ دەكەن)، دوای دەیان ساڵیش لە بگرەو بەردەی كوردستان‌و عێراق دواجار دەرفەتێك هەبوو بۆئەوەی دووبارە لە چوارچێوەی عێراق بمێنینەوەو پاساوێكیش هەبوو بۆ مانەوەمان لە عێراق، ئەویش نووسینەوەی دەستووری عێراق بوو، بەڵام خراپیی ئەدای سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، هەموویانی گەڕاندەوە سەر خاڵی سفر، كوردستان گەڕایەوە بۆ شۆڕش‌و عێراقیش بۆ بیركردنەوەی ڕابردوو.

 

ئێستا دەرفەتێكی زۆرباش هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی بەغدادو هەولێر ڕێككەوتن لەسەر زۆر پرس بكەن‌و كۆتایی بە گرفتەكانیان بهێنن، گرفتەكانیش زۆر نین‌و قورس نین، چونكە نە گرفتی مەزهەبیمان هەیە، نەگرفتی ململانێی (شەرعیەتدان بە هێز) چونكە هەردوولا پابەندن بە دەستوور، ئەوەی هەیە گرفتی سیاسی و ئیدارین، لە دونیای دەوڵەتداری ئەم گرفتانە بەرەو چارەسەر دەچن، بەتایبەت سێ پرسی جیاواز لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە (پێشمەرگە، میزانییەو نەوت)، بۆئەوەی ئەم گرفتانە چارەسەر ببن، دەبێت لە خاڵی سفرەوە دووبارە دەستپێبكەینەوە، بۆ ئەمەش باشترین بژاردە گفتوگۆمانە لەسەر پرسی نەوت، ئەم گرفتە دەرگای گرێكوێرەكان دەكاتەوە، ئەگەر بەغداد بڕیاربێت گرفتەكانی لەگەڵ كوردستان چارەسەر بكات، دەبێت لەسەر دووخاڵ ڕێككەوێت، یەكەم: تێبگات لەوەی هەرێمی كوردستان پێویستی بەئابووری سەربەخۆیە، ئەم ئابوورییە بەغداد دەتوانێت چارەسەری بكات، هەرێمی كوردستان چەند ساڵە دەڵێت من ئامادەم نەوتی خۆم لەڕێگای كۆمپانیای (سۆمۆ)ی عێراقی هەناردەبكەم، بەمەرجێك شایستە داراییەكانی كوردستان بدەن، ئەگەر بەغداد ئەمە بكات لە قازانجی هەردوولایە، چونكە ئەوكاتە هەرێمی كوردستان بەرپرسیار دەبێت لە ڕێككەوتن‌و دەشتوانێت پەرەبە دەرهێنانی پڕۆسێسی نەوتیی بدات كە دواجار كار لە بەرزكردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراقیش دەكات، بۆیە ئێستا حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستان هەڵایەكی ڕاگەیاندنیان دروستكردووە، گوایە نووسینگەی حەیدەر عەبادی ڕایگەیاندووە كە نێچیرڤان بارزانی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی، لە (داڤۆس) ڕازی بووە بەوەی كە نەوتی كوردستان ڕادەستی بەغداد بكات، ئەگەر ئەو دەستەواژانە ڕاست بكەینەوە، ئەوە دەردەكەوێت ئەوەی كوردستان دەیكات ڕادەستكردنی نەوت نییە، بەڵكو دۆزینەوەی بەدیلە بۆ فرۆشتنی نەوت، خۆ ئەگەر بەغداد ئەوەشی پێ قبوڵ ناكرێت، ڕێگای دیكە هەیە، دەبێ سەرجەم شایستە داراییەكانی كوردستان بدات، ئەوكاتە هەرێمی كوردستان بیر لە پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت‌و ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ بەغداد دەكاتەوە، چونكە فرۆشتنی نەوتی كوردستان دواجار بەهۆی بڕینی بودجەی كوردستانەوە بووە.

 

خاڵی كۆتایی، گرنگە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەغداد ڕێككەوێت كە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆسەر كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك‌و دەبێت نەوتی كەركوك بە ڕێككەوتن لەگەڵ كوردستان دەربهێنرێت‌و هەناردە بكرێت، گرنگە بەغداد لە ڕێگای هەناردەكردنی نەوتی كەركوك قەرەبووی بەشە بودجەی ئەو شارە بكاتەوەو قەرەبووی مووچەو بودجەی سەرجەم فەرمانبەرانی كوردستان بكرێتەوەو پڕۆژەكان بەگەڕ بخرێنەوە.