ڕاستيی كشانەوەی هێزە ئەمنییەكان چۆن بوو؟

25-02-2018 08:38

 

دەنگۆكانی كشانەوەی هێزە ئەمنییەكان و هێرشی رێكخراوی داعش بۆ كەركوك لە دوو رۆژی رابردودا راستیی تیانەبوو، هەندێك راگەیاندنی كوردی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ئاگایی و هەندێكیش لە نائاگاییەوە یاری-یان بە هەستی خەڵكی شارەكە كرد، دەیان خێزان ماڵەكانیان لە شەودا جارێكیتر چۆڵكرد و شەونخونی میوانی ماڵی زۆربەی كەركوكییەكان بوو.

 

بابەتی كشانەوەی هێزە ئەمنییەكان ڕاست بوو؟

 

كوشتنی 27 چەكداری حەشدی شەعبی لەلایەن داعشەوە لە سنوری ریاز باشوری خۆرئاوای كەركوك لە 18-2 جارێكی تر ترسی هێرشی ئەو گروپەی لە شارەكە زیاتر كرد، بەتایبەت پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، دەبوو ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە، بەتایبەت نەیارەكانی عەبادی وەكو شكستی ناوبراو لە كۆنترۆڵنەكردنەوەی تەواوی كەركوك لەژێر دەستی داعش وێنایانكرد.

 

عەبادی سێشەممەی رابردوو 21-2 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دڵنیایدایە هاوڵاتیان كە داعش نەماوە و وتی: ئەوەی لە كەركوك رویداوە پێشێلكاریی و تەڵە بووە.

 

چوارشەممە 21-2 راكان سەعید، بە ‌سەردانێكی رانەگەیەنراو گەیشتە ناحییەی زاب لە قەزای حەویجە، زاب سێكوچكەی كەركوك، نەینەوا و سەڵاحەدین بەیەكەوە دەبەستێتەوە، چونی پارێزگار بۆ ئەو ناحیەیە تەحەدا‌یەكی گەورەبوو، یەكێكە لەو ناحیەیانەی عێراق لە دوای روخانی رژێمی بەعس-ەوە لە ساڵی 2003وە هیچ كات بەتەواوی ئارام نەبووە، بەردەوام لانكەی گروپە توندڕەوەكانی وەكو نەقشبەندییەكان و پاشماوەكانی بەعس بووە، لە سەردەمی داعش-یش یەكێك بوو لەناوچە ستراتیژەكانیان كە ئەو سێ پارێزگایەی پێكەوە دەبەستەوە و چەندین مۆڵگەی سەربازی ئەو رێكخراوەی لێ بوو.

 

بۆ پاراستنی پارێزگار و وەفدەكەیی و بۆ ئارامی رێگا، بەشێك لە هێزەكانی قەزای داقوق، ناحیەكانی ریاز و رەشادی لەگەڵ راكان سەعید رۆیشتن، لێرەوە هەواڵی كشانەوەی پۆلیسی فیدراڵی و دژە تیرۆری عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دواتریش شەوی هەینی23-2 لە هەندێك كەناڵی راگەیاندن بڵاوبۆوە، لەكاتێكدا ئەو هێزانە هەر ئێوارەی چوارشەممە گەڕابونە‌وە شوێنەكانی خۆیان.

 

پارێزگار تا رۆژی دواتر راگەیەنراوی لە بارەی سەردانەكەیەوە بڵاونەكردەوە.

 

داعش توانای كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوكی ماوە؟

 

راستییەكە ئەوەیە داعش هێشتا لە حەویجە ماوە و مۆڵگەی هەیە‌و چالاكی جۆراوجۆری هەیە، دەزگا ئەمنییەكان ئەو راستییەیان نەشاردۆتەوە، لەوانەش نمونەی كوشتنی 27 چەكداری حەشدی شەعبی لە ریاز، بەڵام توانای كۆنترۆڵكردنی كەركوك و هێرشی فراوانی نییە بۆ سەر ناوەندی شارەكە وەك ئەوەی دوو رۆژە دەوترێت، حكومەتی عێراق و دەزگا هەواڵگرییەكان و حزبە كوردییەكانیش ئەوە باش دەزانن.

 

عەبادی نایەوێت كەركوك بكەوێت بۆ ئەوەش هەموو شتێك دەكات، ئەو سەركەوتنەی كە شانازی پێوەدەكات لە كۆتایهێنان بە داعش و "سەپاندنی یاسا لە ناوچەكانی جێناكۆك" لەدەستینادات، كەوتنی كەركوك لە بەرژەوەندی حزبە كوردییەكانیش نییە بەتایبەت یەكێتی كە زۆرترین لایەنگر و جەماوەریی لەو شارەیە.

 

داعش ئەگەر بیتوانیایە هێرشی فراوان لە شێوەی پڕوپاگەندەكانی دوو رۆژی رابردوو بكات، ئەوە كۆنترۆڵكردنەوەی ریاز یان حەویجەی رادەگەیاند، هەروەها چەكی پێویستیشیان پێ نییە، ریزەكانیشی لەو ناوچەیە ترازاون و تەنیا شەوان دەردەكەون، ئەوەش بەشێوەی گروپ گروپ، هەموو توانایان ئەوەیە ناوبەناو چالاكییەكییەك بكەن، نەك كۆنترۆڵكردنی كەركوك و هێرشی فراوان.

 

بیرماننەچێت ئەو جۆرە چالاكییانەی ئێستای داعش ئەنجامیدەدات،‌ لە دوای روخانی رژێمەوە لە 2003وە لە قەزای حەویجەو ناحییەكانی ریاز، رەشاد و زاب هەر هەبووە، پێش هاتنی داعش، گروپە توندڕەوەكان زۆر بە هێزتربون لە چالاكی لەناو شاری كەركوك، لە چ شوێنێكی كەركوك بیانویستایە تەقینەوەیان دەكرد، بەردەم فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، بینای پارێزگار، هەواڵگری شارەكە و ئازادكردنی زیندانەكان لە دیارترین نمونەكانیان بوو.

 

ڕاگەیاندن بۆ وادەكات؟

 

كەركوك بۆتە قوربانی ململانێی هێزە كوردییە‌كان، یەكێتی و پارتی بۆ جێگرتنی نفوزی خۆیان لە شارەكە، ئامادەن هەموو یارییەك بە هەستی خەڵكەكەی بكەن و كردویانە، لە نمونەی دوو رۆژی رابردوو.

 

ئەم دوو هێزە راگەیاندنی بەهێزیان دروستكردوە و داهاتی باشیان لەبەردەستدایە، چونەتە ناو خەڵك و كاریگەرییان تائێستاش هەیە، به ‌ڕێنمایی حزبەكانیان مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەن بەبێ گوێدانە هەستی خەڵك.

 

بەشێكی تری راگەیاندنەكان راستەوخۆ كەوتونەتە ژێر كاریگەریی راگەیاندنی ئەو دوو هێزەوە بە نائاگاییەوه هەمان یاریی دوبارەدەكەنەوە.

 

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە سەردەمی ئێستادا كاریگەری زۆریان هەیە و ئەو دوو هێزەش لە كەركوك پاڵپشتی دەیان پەیج دەكەن و هەر بە رێنمایی ئەوان زانیاریی هەڵە بڵاودەكەنەوە.

 

دوو شەوی رابردو دابەشبونەكە زۆر بەڕونی دیاربوو، نەیاری كشانەوەی هێزە ئەمنییەكان و هێرشی داعش، پشتیوانانی مانەوەی سوپا و "كەركوك ئارامە" لە پەیجەكان و راگەیاندنەكانیان رەنگدانەوەی هەبوو، ئەمە بۆ 16ی ئۆكتۆبەریش راست بوو، هەندێكیان ئاوارەبونی خەڵكەكەی دەشاردەوە و هەندێكی تریشیان بڵاویدەكردەوە.