بەرەی گەندەڵی و بەرەی گەل

10-04-2018 10:16

 

خەریكە هەرێمی كوردستان بەسەر دوو بەرە دابەش دەكرێت، بەرەیەك پێی دەڵێن بەرەی گەندەڵی، ‌ یەكێتی وپارتی و ئەو حزبە بچووكانەی كە لە ناو حكومەتدان و بەرەی گەلیش، ئەو كەسانە ئەو ناوەیان لە خۆیان ناوە، كە لەگەڵ بەرەی یەكەم نین! لە ڕاستیدا دەربارەی بەرەی یەكەم هیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە، زۆریان لەسەر نووسراوەو تەنانەت من پێم وایە شایستەی ئەوە نین هیچی تریان لەسەر بنووسرێت، هەر نووسینێكی تر دەربارەی ئەو بەرەیە، لە دوو ڕەهەند زیاتر لە خۆیەوە ناگرێت:

 

1- بەسەنتەركردنی ئەو دووحیزبە(یەكێتی و پارتی)، كە ئەمە زیاتر بەهێزیان دەكات و هەیشە وەك هێزی سەرەكی لەناو میدیاكاندا دەخرێنەڕوو!

 

2- ئەوانەی بە تەنیا كار لەسەر ناشیرینكردنی ئەو بەرەیە دەكەن، خۆیان هیچ پەیامێكی نوێیان پێ نییەو ئەو دوو حیزبەیان لێ بسەنرێتەوە وتارەكانیان پووچەڵ دەبێتەوەو هیچ بەهایەكی نامێنێت.

 

لە ڕاستیدا كێشەی بنەڕەتی باشووری كوردستان لە كاتی ئێستادا لەبەرەی یەكەم، واتە ئەوەی پێی دەڵێن بەرەی گەندەڵی نیە! چونكە ئەوانە بۆ ماوەی زیاتر لە بیست و حەوت ساڵە حوكمی ئەو هەرێمە دەكەن و لە هەموو رووێكەوە لەبەرچاوی خەڵك روون و ئاشكران!، بەڵكو كێشەی هەرەی گەورەی ئەو هەرێمە لەكاتی ئێستادا بەرەی دووەمە، ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە بەرەی گەل، كە تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان پێناسە بكەن و هیچ پڕۆژەیەكی نوێیان پێ نیە، راستەقینەی تاڵ لەو بەرەیە ئەوەیە،‌ كە بەشێكی زۆریان بە هۆی ناشیرین بوونی بەرەی گەندەڵی خۆیان جوان كردووە، واتە لەسەر ناشیرینیەكانی یەكێتی و پارتی كاوێژیان كردووە، بەهۆی ئەو ناشیرینیانەوە، ناشیرینیەكانی خۆیان شاردۆتەوە، ئەگینا ئەگەر رووی راستەقینەیان بۆ خەڵك دەركەوێت ئەوا بێگومان رەنگ بێت زۆر لەوان دزێو و قێزەونتربن!

 

ناكارامەیی و هەلپەرستی ئەو بەرەیە،‌ هۆی سەرەكیە بۆ درێژبوونەوە تەمەنی بەرەی گەندەڵی و‌ رۆژانە خەونەكانی كورد بۆ دەیان ساڵ بەرێتە‌ دواوە، بەهێزبوونی پارتی و یەكێتی لە دەسەڵات بۆ ئەو ماوە زۆرە، بە هۆی ناكارامەیی و بێ هێزی و هەلپەرستی ئەو بەرەیەوە بووە!، پێویستە خەڵكی كوردستان چیتر بەو كەسانە باوەڕ نەكات، كە دێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان و بە هۆی ناشیرینی خەڵكانی ترەوە خۆیان جوان دەكەن، دەبێت ئەو قۆناغە تێبپەڕێت و گوزەر بكات، شتێك نیە بەناوی بەرەی گەندەڵی و بەرەی گەل، بەشێكی زۆری ئەوانەی لە كوردستان سیاسەت دەكەن، یا لەبەرەی گەندەڵین، یاخود لە پێناو هێنانەدی بەرژەوەندیەكانی خۆیان نۆرەیان گرتووە بۆ ئەوەی بچنە ناو بەرەی گەندەڵیەوە!، جێگای داخە، زۆرینەی ئەوانەی تاوەكو ئێستا خۆیان بە بەرەی گەلیش نیشان داوە، هەموو خەباتێكیان بۆ ئەوە بووە تا بەرەی گەندەڵی ئاوڕێكیان لێ بداتەوەو پۆست و پارەیەكیان پێ ببەخشێت، ئەو بێ هیوایی و پاشا گەردانییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، هۆی سەرەكی هەلپەرستی و دووڕوویی ئەوانە بووە!، كەسێك نیە لە كوردستان هەست بەو دۆخە پڕ شەرمەزارییەی ئەوانە نەكات، كە دوو رووانە خۆیان لەبەرەی گەل نیشان دەدەن، دەبێت ئەو قۆناغە ناشیرینە بە هەردوو بەرە دیماگۆكیەكە تێبپەڕێنرێن، دەبێت گەنج و رۆشنبیری كورد، چیتر چاكسازیەكان لە نێو ئەو دووبەرە پڕ لە گەندەڵیە نەدۆزێتەوە، بەداخەوە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بازرگانی بە چاكسازی دەكرێت، بازرگانی بە خەونی رەوای میللەتەوە دەكرێت، بارزگانی بە بەها نیشتمانی و نەتەوەییەكانەوە دەكرێت، كاتی ئەوە هاتووە قۆناغی ئەو بازرگانە چاوچنۆك و بێبەهایانە تێپەڕێنرێت تاوەكو گوڵشەنیش بە دەردی گوڵخەن نەچووە!.