دەربارەی مرۆڤی ئازاد

15-04-2018 08:19

 

مرۆڤی ئازاد كێیە، ئەوەیە كە خاوەنی خۆیەتی، لەسەر پێی خۆی وەستاوە، نابێتە دەرگەوانی كەس، ئەگەر خاوەن ئایدۆلۆژیاو بیرو باوەڕ بێت، هەم ڕێز لە ئایدۆلۆژیاو بیرو باوەڕەكەی خۆی دەگرێت هەم لە هی ئەوانی تر، كە ڕەخنە دەگرێ‌ دەزانێ‌ چۆن ڕەخنە دەگرێت، بوختان بۆ كەس ناكات، كە وەك ئەو بیرت نەكردەوە تۆمەتت بۆ دروست ناكات، مرۆڤی ئازاد هەرگیز درۆ ناكات، چونكە درۆو ئازادی بەیەكەوە هەڵناكەن، مرۆڤی ئازاد دەتوانێ‌ بڕیار بدات، دەتوانێ‌ ئەگەر سەر بە بیرو باوەڕێكیش بێت، بە ڕاستی بیرو باوەڕەكەی بڵێ‌ ڕاست و بە هەڵەی بڵێ‌ هەڵە.

 

گەمژەو گەلۆرو گەوجەكان لە مرۆڤی ئازاد ناگەن، چونكە ئەوان پێیانوایە دەبێ‌ وەك ئەوان بیر بكەیتەوە، وەك ئەوان هەڵسوكەوت بكەیت، ئەوان ناتوانن بە یەك دووری سەیری شتەكان بكەن، زۆرجار لەسەر دیدو بۆچوون یەكسەر دەتخەنە ئەو شوێنەوە كە خۆیان دەیانەوێت، لە بەرانبەر مرۆڤی ئازاددا، كەسانێكی نەخۆش هەن، نەخۆش بەو مانایەی هەمیشە لە نێو گومان‌و واهیمەدا دەژین.

 

مرۆڤی ئازاد ئەوە نییە دەروێشانە حزبی بێت، یان كەس پەرست بێت، مرۆڤی ئازاد سەیر دەكات، دەخوێنێتەوە، بیردەكاتەوە، بڕیاردەدات، لێ‌ ئەوانەی پێچەوانەی مرۆڤی ئازادن بیر ناكەنەوە، ناخوێننەوە، ناتوانن بڕیار بدەن، من شەڕ بۆ ئازادی مرۆڤ دەكەم، ئازادی مرۆڤ نە بە پارە نە بە تەلارو ڤێلا، نە بە ئۆتۆمبێل‌و دەمانچەو بەڵێنی قەبە نایەتە دی.

 

ئەوەی ناچارم بكات لە ئازادی خۆم خۆش بم لەبەر خاتری ئەوەی وەك ئەو بیر ناكەمەوە، ئەوە بۆ زبڵدانی دیرۆك باشە، ئەم نووسینە بۆ خودی خۆم و تایبەت بە خۆم نیە، بۆ هەموو ئەوانەیە دێن قسە لە ئازادی ئەوانی تر دەكەن.

 

مرۆڤی ئازاد ئەوەیە كە دەڵێ‌ من هەم كەواتە من بیر دەكەمەوە، ئەمەڕێك قسەكەی دیكارتە لێ‌ بە ئاوەژوویی ئەو دەڵێ‌ "من بیر دەكەمەوە كەواتە من هەم" لێ‌ ئازادەكان هەن بۆیە بیر دەكەنەوە.

 

ئەوەی نییە، نە ئازادە نە بیر دەكاتەوە، با ژیانیش بكات "چۆن ژیانێك"!!!!