تەنها هاوپەیمانێتیی هێزەكانی دژی گەندەڵی هەڵبژاردن پڕ مانا دەكات

25-04-2018 08:48

 

گرنگ نییە گۆڕان‌و هاوپەیمانی و كۆمەڵ چەند كورسی دەهێنن، گرنگ ئەوەیە ئایا دەتوانن هاوپەیمانێتییەك پێكبێنن و هێزی دیش كە لەو هێڵە نزیكن ببنە بەشێك لە هاوپەیمانێتییەكەو لە بەغداد نوێنەرایەتی هەرێم بكەن چ وەك ئۆپۆزسیۆن لە پەلەمانی عێراق چ وەك بەشدار لە حكومەتی داهاتوی عێراق.

 

ئەو سێ هێزە لێكتێگەیشتنێكیان ئیمزا كردوە، هەوڵێكی پێویست و زیرەكانەیە و دەبێت ببێتە ستراتیژیان، بەڵام دەبێت بزانن هێشتا هێزی دیكە هەن لە هەرێمی كوردستان ببنە هاوپەیمانیان و نابێت ڕێبدەن دابەشبون دروستببێت، بێ هێزی دیكە كە لە گوتاردا جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە ئەو هاوپەیمانێتییە سەركەوتو نابێت.

 

هەر دابەشبونێك لە خزمەتی پارتییەو پارتی بە سیاسەتی پەرتكە و زاڵبە بەسەریاندا سەردەكەوێت، وەك تا ئێستا هەژمونی خۆی پاراستوە. ئەو لێكتێگەیشتنە دەبێت ببێتە بناغەی هاوپەیمانێتییەكی بەهێز بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم.

 

ئەمە تەنها ڕێگای دەربازبونە لەو دۆخەو هەڵبژاردن تەنها لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی وادا پڕ مانا دەبێت. ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە دروستببێت، یەكێتی‌و یەكگرتوو یان بەتەواوی دەكەونە بەرەی پارتی، یان بەناچاریی دەبنە بەشێك لەو هاوپەیمانێتییە.

 

یەكێتی‌و یەكگرتوو دوو حیزبن لە ناوخۆیاندا دابەشبونێكی گەورە هەیە، بەرەیەكیان لەسەر هێڵی چاكسازی‌و دیموكراسین و بەرەیەكیشیان لە خزمەتی گەندەڵی و نادیموكراسی و سیاسەتی نەژادپەرستانەو تائیفییانە. ئەوكات قۆناغی گۆڕانكاریی لە هەرێم دەستپێدەكات، چونكە تائێستاش هاوپەیمانێتییەكی بەهێز نییە كە ئەمەریكاو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەتەواوی پشتیوانییان بكەن.