ژن لای مرۆڤە سپییەكە واتە نیشتمان

30-04-2018 02:32

 

لە ماوەی 27 ساڵی حوكمڕانیی هەردو بنەماڵەی قۆرخكاری بارزانی و تاڵەبانیدا، مرۆڤە سپیەكان یان پەراوێز خراون، یان بەهۆی زۆریی كردەی مافیایی و گەندەڵی بەرپرسانی هەردوو حزب و پاشكۆكانیانەوە، لە تارماییدا بوون و نەبینراون، یان ڕاستتر هەوڵ و تێكۆشانیان بە هەند نەگیراوە، بەهۆی ئاستنزمی ئەو بەرپرسانەوە، یەكێك لەو كەسانەی خۆڕاگرانە و بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە ژیاوە و كەسێتی و ناوبانگی خۆی بە پاكی پاراستوە و بۆ چەتەكان نەچەماوەتەوە و لە پشت پەردەوە متمانە بەخۆ كاری كردوە، كاك جەلالی سام ئاغایە.

 

لە ماوەی 9 ساڵ كاركردنیدا لە دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی، كە پلەكەی وەزیر بووە، وەك وەزیر نەژیاوە و هەموو یارمەتی و ئیمتیازێكی تایبەتی بۆ خۆی ڕەتكردووەتەوە و سادە و ساكار ژیاوە، (2 هەزار و 720) ڕاپۆرتی لەسەر هەر سێ دەسەڵاتەكە بۆ دادگایكردنی كۆمەڵێك تۆمەتبار ئامادە كردوە، (86) كەیسی گەندەڵی قورسیشی خستووەتە بەردەم دادگا و بۆ پەرلەمانی كوردستانیشی ناردووە، هەرچەندە هیچ یەكێك لەوانە لەلایەن دادگا و داواكاری گشتییەوە نەجووڵێنراون.

 

لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ڕووبەڕووی هەڕەشە و هەوڵی تیرۆركردن و زەحمەتی قورس بووەتەوە، هەر كۆڵی نەداوە و سازش بۆ دەستڕۆیشتوان ناكات و ئاڵنگاری حوكمی چەتەكانی هەردو بنەماڵە دەكات، لەگەڵ ئەوەیشدا لە كاری بەخشین و خزمەتی نیشتمان بەردەوامە، گەورەییە بۆ مرۆڤێك لەناو دەریایەك خراپەكاری دەسەڵاتی هەردو حزبدا ئەو هەنگاوەكانی خێراتر بوون و بۆ ساتێكیش خزمەتی نیشتمانی لەیاد نەكردووە، سام ئاغا تا ئێستایش لە كاری بەخشندەیی بەردەوامە و خانووەكەی، كە بە ئەرك و ماندووبوونی خۆی دروستی كردووە، لەسەر وەزارەتی تەندروستی هەرێم تاپۆی كردووە، تا پاش خۆی بكرێتە نەخۆشخانە و میللەت سوودی لێوەربگرێت، دروستكردنی قوتابخانەیەكی دوانزدە پۆلی بۆ منداڵانی ڕەشوڕووتی ئەم وڵاتە بە ناوی (زەكیە سام ئاغا)وە لەسەر ئەركی خۆی لە ڕۆژی 10/8/2017وە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، زەكیە سام ئاغای خوشكی یەكێكە لە مامۆستا دیارەكانی شاری سلێمانی و كۆچی دوایی كردووە، ئەختەرخانی خوشكیشی شوقەكەی خۆی بە دیاری بە وەزارەتی پەروەردە دەبەخشێت، بۆ ئەوەی بە باخچەی ساوایان بكرێت و بۆ سوودی گشتی وڵات و منداڵانی ئەم گەلە بەش مەینەتە، بڕیاریشە هۆڵێكی پرسەی ژنان بە ناوی ئەختەرخانی خوشكییەوە دروست بكات.

 

خەڵاتی ژنانی سەلار

 

خەڵاتەكەی بۆ ژنان، بە ناوی خەڵاتی ''ژنانی سەلار''ـەوە و ناونانی ژنان بە سەلار و لێهاتوو، یەكێكە لە بەها گرنگەكانی ڕێزدانان و بایەخدان بە ژن، كە لە مانگی ئابی ساڵی2010وە سام ئاغا سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، پارچە زەوییەكی فرۆشت و پارەكەی خستە بانكەوەو لە (%90)ی قازانجی یاسایی ساڵانەكەی، ساڵانە وەك خەڵات بەسەر كارمەندانی دیوانی چاودێریی سلێمانیدا دابەش دەكات، بە ناوی خەڵاتی سام ئاغاوە بۆ كارمەندانی لێهاتوو و خانمانی سەلار.

 

ئەو بەم خەڵاتە ڕێز و حورمەت بۆ كاركردنی ژنان دەگەڕێنێتەوە و كار و كەسێتیان بەرز دەنرخێنێت، جگە لەوەی هاندانی ژن و تاكە بۆ كاركردنی پاك و ڕاست و خزمەتی نەتەوەیی، لە كاتێكدا دەسەڵاتی هەردوو حزب لە ماوەی حوكمڕانیاندا ژنیان كردووە بە كاڵایەكی هەرزان، كە دەبووایە حكومەتی هەرێم لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەكی وەبەرهێن و دڵسۆز و نیشتمانپەروەردا ئەم هاندانەی بۆ گەنجان و ژنانی ئەم وڵاتە دابین بكردایە، تا ئێستا ژنان نەیانتوانیوە ئەو نرخە بۆ كەسێتی و كار و خەباتی خۆیان دابنێن و ناوەڕۆكی بەنرخی خۆیان بەو جۆرە بدۆزنەوە، گرنگیدانی ئەم مرۆڤە مەزنە بە ژنان، لە ڕۆحی خۆشەویستیی نیشتمانەوە دێت، كە بە تەرخانكردنی ئەم خەڵاتە دەریخستووە، ژن واتە نیشتمان و هەتا ڕێز لە كەسێتی و كاری ژن نەگیرێت و بۆ كۆڕی خەباتی هەمەجۆر هان نەدرێن و نەكرێنە پێشەنگ، نیشتمان هیچ مانایەكی نییە، بەم كارە ناوەڕۆكی ڕاستەقینەی ژنی ئاشكرا كردووە، كە كاری سپی و ڕووبەڕوبوونەوەی ستەمكاری و قۆرخكاری بە هاوشانی ژنە سەلارەكان پێشدەكەوێت، كەچی ڕێكخراوەكانی ژنان تا ئەم ساتەیش دركیان بەم گرنگییە نەكردووە و باسی ئەو هەڵوێستە بەنرخەی سام ئاغایان نەكردووە، بەپێچەوانەوە هێشتا لە بازنەی داخراودا دەخولێنەوە و دروشمی سواو دەڵێنەوە، ناونانی شوێنی گشتی و كاری بەخشندەیی بە ناوی خوشكەكانیشیەوە، بەشێكی سەرەكییە لە ڕێزگرتن لە ژن، هەرچەندە ئەم ڕۆحی بەخشندەیی و نیشتمانییە تایبەتمەندی خێزانەكەیانە، كە خێزانێكی دڵسۆزی ئەم شارەن و ئەم شارەیش چەندین مرۆڤی ئاوا مەزنی بەرهەمهێناوە.

 

سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان لە نائومێدیدا بەهۆی تاڵانی تاقمێك بە ناو بەرپرسەوە نقووم بووە، بەڵام هێشتا كەسانی بەخشندە و پڕ مۆڕاڵ لەم كۆمەڵگەیەدا هەن و ڕۆژانە پێمان دەڵێن، هێشتا تیرێژی خۆر لە كەلدایە و نابێت نقووم و ڕەشبین بین و ڕۆژی تاوانباران نزیكە، لە كۆتاییدا هیوا دەخوازم نموونەی دەستپاكی و نیشتمانپەروەری و بەخشندەیی كاك جەلالی سام ئاغا و خێزانەكەیان زۆر بێت، ئەم شەوقە لەناو دنیایەكی تاریكدا هاندەر و ورەیە بۆ خەباتكردن بەرەو دنیایەكی ڕووناك.

 

جەلالی سام ئاغا