هەینی چاوەڕوانی و چاودێری

03-05-2018 07:33

 

هەموو شەقامی عێراقی "شیعی بەتایبەت" وادەی هەڵبژاردنی بیرچوەو چاوەڕوانی وتاری سبەی هەینی مەرجەعیەتی نەجەفە لە كەربەلا بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستێكی بنجبڕ لە پڕۆسەی دەنگدان لە هەینی پێش كۆتایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن.

 

هەموو سیناریۆو زانیارییە دزەپێكراوەكان لەبارەی سبەینێوە تائێستا لە دەوری سێ ئەگەر دەخولێنەوە:

 

ـ ڕونكردنەوەی وتەزای "المجرب لا یجرب"، بۆ دەنگدەرانی شیعە، ئایا مەبەست لێی دورخستنەوەی هەموو دەموچاوە كۆنەكانە، وەك سەدر دەڵێت "شلع قلع" یان تەنها گەندەڵ و تۆمەتبارەكان، یان هەروا بەناڕۆشنی دەمێنێتەوە بۆ شیكارو ڕاڤەی جیاجیا.

 

ـ هەڵنانی خەڵك بۆ بەشداریی لەدەنگدان. ئەگەر ئەمەش ڕووبدات پڕۆسەكە ڕزگار دەكات لەمەترسی سستی و لاوازی كە ئێستا بەهۆی بێهیواییەوە بەشێوەیەكی بەربڵاو باسی هەیە.

 

ـ دەربڕینی هەڵوێستێك لەبارەی بەكارهێنانی حەشدی شەعبی و قوربانییەكانی ئەم هێزە لە شەڕی دژی داعش لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن. هەرەچەند فەتح دەڵێن زانیاریمان هەیە باسی ئێمە ناكات.

 

وتارەكەی عەلی سیستانی باسلە هەركام لەو تەوەرانە بكات بەهەرجۆرێك، بەقازانجی كۆمەڵێك و مەرگی سیاسی كۆمەڵێكیتر كۆتایی دێت، بەڵام ڕەنگە بژاردەیەكی مامناوەند هەڵبژێرێت لەنێوان بەرەی ئێرانی و بەرەی پاڵپشتیكراوی ئەمەریكی، چونكە لەدوای 2005 و جێگیركردنی حوكمڕانی عێراق بۆ شیعە لە ڕێی پشتیوانی نەجەف بۆ لیستی مۆمەكە(555)، مەرجەعیەتی شیعەش زیاتر هەر گونجاندن پەیڕەو دەكات‌و زۆر بەكەمی لەگەڵ لایەنە كاریگەرەكانی پەیوەست بە دۆخی عێراقدا دەچێتە شەڕ و دەنوكە تەقەی ڕاستەوخۆ.