بەشداریكردن یان نەكردن لە دەنگداندا؟

04-05-2018 02:13

 

كۆمەڵێك خوێنەر پرسیاری ئەوەیان لە من كردوە ئایا هەڵبژاردن لە هەرێمدا هیچ دەگۆڕێت؟ ئایا بەشداربوون لە هەڵبژاردندا چ سودێكی هەیە؟

 

ئەمەش وەڵامێكی كورتی من بەو دوو پرسیارە.

 

بە بۆچونی من وەڵامی پرسیاری یەكەمیان پابەستە بەوەوە چ مانایەك بە "گۆڕان" ئەدرێت؟ ئەگەر مەبەست لە گۆڕانكاریی كەمكردنەوەی ڕووكارە زیانبەخشەكانی سیستمە سیاسییەكەی ئەمڕۆكە بێت و هەوڵدانبێت بۆ بەگژاچوونەوەی كێشە هەرە سەرەكیی و گەورەكانی، لەوانە بۆ نموونە؛ بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتی خێزانی و هێنانەدەرەوەی بڕێكی بەرچاوی دەسەڵات لە ژێر دەستی ئەو خێزانانە، بەهێزكردن و چالاككردنی پەرلەمان وەك دەزگای شەرعی ژمارە یەكی هەرێم، بەگژاچوونەوەیەكی جدیی و ڕاستەقینەی دیاردەی گەندەڵیی، بەرقەراركردنی شەفافیەت و ڕوونی لە ئابووریی نەوتدا، داڕشتنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم بە بەغداو وڵاتە ئیقلیمییەكانەوە لەسەر بنەمایەكی نیشتیمانی و بەشێوەیەكی دەزگایی، هەوڵدان بۆ سەربەخۆكردنی دادگاكان و وەگەڕخستنی میكانیزمێكی چالاكتر بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران، ڕێكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان و دەستكردن بە دامەزرادندنی سیستمێكی تر لە ئاسایش بۆ پاراستنی هەرێم و دانیشتوانەكەی، دەڵێم ئەگەر ئەمانە خاڵە سەرەكیی و بنەڕەتییەكانی گۆڕانكاریی بن، ئەمانە ئەو تەوەرانە بن كە كردەی گۆڕانكاریی لە هەرێمدا ڕووبەڕوویان ببێتەوە، ئەوا ئەگەری دەسكاریكردن و گۆڕانكارییان لەئارادایە و شتێك نییە مەحاڵ بێت.

 

ئەمانە هەموویان بە بڕیاریی سیاسیی و لەپاڵ كۆمەڵێك تەماح و خەونی سوڵتانیدا دروستكراون، بۆیە بڕیاری سیاسیی تر و خەونی سیاسیی و كۆمەڵایەتی تر دەتوانێت بیانگۆڕێت. بێگومان ئەم دۆخە كە بە لەزیاد لە چارەكەسەدەیەك و بە سەدان و هەزاران بڕیار دروستكراوە ناكرێت لە دەورەیەكی پەرلەمانیدا كۆتایی بە هەموو دەركەوتە خراپەكانی بهێندرێت. بەڵام دەكرێت سەرەتایەكی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو كۆتاییە دەستپێبكرێت، بە بۆچوونی من بەشێك لەو سەرەتایە خۆشی لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆندا هاتۆتەكایەوە و دروستبووە، ئەوەی گرنگە بەردەوامیدان و پتەوكردن و فراوانكردنی ئەو سەرەتایەیە.

 

خاڵێك كە دەبێت لای هەمووان ئاشكرابێت هیچ گۆڕانكارییەك نییە بێكێشە و لەسەر هێڵێكی ڕاست بڕوات و دروستببێت، كردەی گۆڕانكاریی كردەیەكی مێژوویی ئاڵۆزە و پڕیەتی لە هەڵبەز و دابەز و چوونەپێشەوە و پاشەكشەكردن. ئەوەی گرنگە بوون و ئامادەگیی ئەو ئیرادە و خواستەیە كە دەیەوێت گۆڕانكاریی بكات، بوونی كۆمەڵێك بكەرە كە لەو پێناوەدا كاردەكەن. ئامادەگیی كۆمەڵگایەكیشە كە نایەوێت بەو شێوەیە بژی كە تا ئێستا ژیاوە.

 

سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری دووهەمیان دەڵێم: دەسەڵاتدارانی هەرێم و سیستمە سوڵتانییەكەیان گیریان بەدەستی پەرلەمانێكەوە خواردبوو، وە ناچاربوون دایبخەن كە خۆیان زۆرینەیان لەو پەرلەمانەدا هەبوو. ئەگەر دۆخێك بێتەكایەوە ئەوان ئەو زۆرینە پەرلەمانییە لەدەستبدەن و نەتوانن حكومەت تەشكیل بكەن، ئەودەم گیرخواردنەكەیان دەقات دەبێت. پەرلەمان لای نوخبە دەسەڵاتدارەكە دیكۆرێكی سیاسیی بێڕۆح بوو، بەڵام لە دوو دەورەی پەرلەمانیدا ئەم دەزگایە لە گەشەی خۆیدا گۆڕا بۆ هێزێك كە ناچاربن دایبخەن.

 

بۆیە من پێموایە هەوڵدان بۆ هێنانەكایەی پەرلەمانێك كە دوو پارتە حوكمڕانەكەی ئەمڕۆكە، لەناویدا زۆرینە نەبن هەنگاوێكی هێجگار گرنگ و سەرەتایەكی تازەی ترە. ئەمەش داوای ئەوە لە دەنگدەران دەكات بەشداربن لە دروستكردنی ئەو واقیعە سیاسییە نوێیەدا و دەنگبدەن. ئەو هێزەی كە دەتوانێت پەرلەمانێك دروستبكات كە تیایدا پارتی و یەكێتی زۆرینە نەبن دەنگدەرانن.

 

هەمووان دەزانین هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆپەرلەمانی عێراقە، ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر و توانای ئەوە بە خەڵكی هەرێم ئەدات نوێنەرایەتیكردنی خۆیان لە بەغدا لە دەستی دوو بنەماڵە سیاسییەكەی هەرێم دەربهێنن و سەرەتایەكی نوێ بۆ نوێنەرایەتیكردنێكی تر بهێننەكایەوە.