بڕۆن بۆ دەنگدان تا خراپتر نەبێت

07-05-2018 02:03

 

وانەیەك لە ڕیفراندۆمی دەستوریی توركیا وەربگرن

 

دەنگدان لەو هەڵبژاردنەدا، ئەگەر ئامرازێكیش نەبێت بۆ باشتر بوون، ئامرازێكە بۆ خراپتر نەبوون. پێویستمان بە گۆڕینێكە لە شێوەی سیاسەت و پەیوەندییەكانی هەرێم و كورد لەگەڵ بەغداد و نەتەوەكانی دیكەی عێراق، لەپێش هەمویانەوە عەرەب. پێویستمان بە دونیابینییەكی نوێیە كە دونیابینیی پارتی و یەكێتی، بەتایبەتتر هی پارتی، بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان تێبپەڕێنێت.

 

نمونەیەكی سادە لە دەنگدان وەك ئامڕازێك بۆ ڕێگریكردن لە خراپتر نەبوون:

 

لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٧، ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ڕیفراندۆمێكی دەستوریی بەسەر توركیادا سەپاند. سیستمی پەرلەمانیی ئەو وڵاتەی گۆڕی بۆ سیستمی سەرۆكایەتیی، ڕونتر سیستمێكی سوڵتانیی كە لەگەڵ ویستە پاوانخوازییەكانی خۆی دەگونجێت.

 

بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا ٪٨٥.٤٣ بوو، بەڵێ ٪٥١.٤١ بوو، نەخێر٪٤٨.٥٩ بوو. ئەوانەی بەشداریی ڕیفراندۆمەكەیان نەكرد، بەدڵنیایی دۆستانی ئەردۆغان و سیستمی سەرۆكایەتیی نەبوون. بەڵام بە هەر هۆكارێك بێت بەشداریی ڕیفراندۆمەكەیان نەكرد.

 

ئەگەر لەو ٪١٥یە نیوەی بەشداریی بكردبایە، بەدڵنیایی ڕێژەی دەنگدان دەگۆڕا لە بەرژەوەندیی نا، كە وایدەكرد خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان كۆتایییان پێ بێت. ئەو ٪١٥یە دەیتوانی ڕێ لەوە بگرێت دۆخی توركیا خراپتر نەبێت. دوای ٢٠١٧، بە هۆی سیستمی سەرۆكایەتیی توركیاوە، كۆمەڵگای توركیا و ئابوریی و سیاسەتەكەی، توشی دابەشبون و دڵڕەقیی و تیرۆر و گرتن و كوشتنی زیاتر بۆتەوە. خەونی بەدیموكراتیبوونی توركیا تا ڕادەی مردنە. پەیوەندیی كورد و تورك هێندەی تر مەودای تێكەوتوە. تەداخولی توركیا لە سوریا و عێراق زیاتر بوە، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریكا تێكچوە، هیچی لە بەرژەوەندیی توركیا و گەلانی توركیا نەبووە.

 

بۆیە، بەشداریكردنت لەوانەیە زۆر شت نەگۆڕێت لەو قۆناغەدا، بەڵام ئەگەر خەونی گۆڕانكارییت هەیە لە داهاتودا، بڕۆ دەنگبدە تا خراپتر نەبێت. دەنگبدە بۆ ئەوەی لە داهاتودا باشتر بێت، نەك پێتوابێت لە ئێستا هەمو شتێك بە هەڵبژاردن چاك دەبێت. گۆڕانكاریی و چاكسازیی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا پشودرێژیی دەوێت، خەبات و تێكۆشانی زیاتری دەوێت، قۆستنەوەی دەرفەتەكانی دەوێت، بێهیوانەبوون و بەردەوامیی دەوێت.

 

دەبێت وانەیەك لە ڕیفراندۆمی دەستوریی توركیا فێرببین و هەمو هەوڵێك بدەین بە شێوەیەكی گەورە بەشداربین، نەك بۆ باشتربوون، بەڵكو بۆ خراپترنەبوون. كاتێك خەونی پاسەوانانی سیستمی كۆنت ڕاگرت كە دەیانەوێت دۆخی هەنوكەیی بهێڵنەوە، قۆناغی چاكسازیی و گۆڕانكاریی دەستپێدەكات. بۆیە، بڕۆ بۆ دەنگدان ئەگەر لە پێناو ئێستاش نەبێت، لە پێناو داهاتوو.