گرنگی هەڵبژاردنی 12 ئایار لە چیدایە؟

08-05-2018 04:18

 

• گەورەترین هاوپەیمانێتی عێراق كە دەوڵەتی یاسایە(زیاتر لە 100 كورسی)، دابەشبووە بۆ لیستەكانی: النصر، الفتح، الارادە، الكفا‌وات، هەرلایەكیش هەوڵ دەدەن زۆرینە بە دەست بهێننەوە و ببنە دەمڕاستی شیعە، جگە لە دوانی كۆتایی.

 

• عەمار حەكیم ئینشیقاقی كرد لە حزبە مێژووییەكەی بنەماڵەكەیان كە مەجلیسی ئەعلایە و دەنگدەران بڕیار دەدەن شەرعیەت لای ڕەوتی حیكمەیە یان مەجلیس.

 

• موقتەدا سەدر لەگەڵ شیوعی و مەدەنییەكاندا هاوپەیمانێتییەكی دروست كردووە "سائرون"، یەكەم ئەزموونی دین و عەلمانییەت و ماركسیزمە لە كۆمەڵگایەكی موحافیزكاردا و چاوەڕێی ئۆكەی یان ڕەتكردنەوەی دەنگدەرانی ئەم لایەنانەیە.

 

• خەمیس خەنجەر بۆ یەكەمجار لە بزنس و كاری پشت پەردەوە دەیەوێت ببێتە دەمڕاستی سوننە "تحالف القرار"، لەگەڵ عەلاوی "الوطنیە" شەڕی دەنگی سوننەكانیانە. خەمیس خەونی سەرۆكایەتی كۆماریشی هەیەو ئیشی بۆ دەكات.

 

• عەبادی لە شارە سوننەو كوردییەكان لیستی هەیە بە هیوای بە دەستهێنانی هەندێك دەنگ و ئەگەر بكرێت بەدەستهێنانی كورسی وەك ڕیكۆرد شكاندنێك، هەندێك سوننەی بەهێزیشی لەگەڵدایە "خالد العبیدی و عابرون".

 

• عەشایەر و كۆنە بەعسییەكان لیستێكیان هەیە "التظامن" بە هیوای ئەوەی ببنە هێزێكی پەرلەمانی و ڕكابەری هێزە تەقلیدییەكانی سوننە، تەنها لیستیشە كە باوەڕ وایە پشتگیریی وڵاتانی كەنداوی هەبێت.

 

• كورد لە ناوچەی جێناكۆك گوشاری لەسەرەو یەكەم هەڵبژاردنە دوور لە نفوز و دەسەڵاتی ئەو بەڕێوەدەچێت و ڕەنگە 10 كورسی لە دەست بدات. ئەم هەڵبژاردنە تاقیكردنەوەی خواستی دەنگدەرانی كوردیشە پاش ئەزموونی ڕیفراندۆم.

 

• جگە لە گۆڕان، لە هەرێمی كوردستان هێزی نوێ پەیدابوون بۆ جێگرتنەوەی یەكێتی و پارتی "نەوەی نوێ" و "هاوپەیمانی"، هەریەكێك لەوانەش یەكەم بەشدارییەتی.

 

• هەڵبژاردن دوور لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سوپای ئەمەریكا بە ڕێوەدەچێت و سعودییە لە دوورەوە چاودێرە و سیستانی-ش بێلایەنی هەڵبژاردووە.

 

• قەتەر و توركیا نوجێفی و خەمیس خەنجەر-یان پێ خۆشە، سعودیەو ئیمارات عەللاوی، ئەمەریكا و ئەوروپا عەبادی، ئێرانیش حەشدی شەعبی بە پلەی یەكەم.

 

• بەشی زۆری حەشدی شەعبی كە بوونەتە لیستی هەڵبژاردن "الفتح"، ئەگەر دەنگ نەهێنن، شەرعیەتیان كز و لاواز دەبێت، ئەگەریش دەنگ زۆر بێنن بە ئێرانی بوونی عێراق خێراتر دەبێت.

 

• یەكەم هەڵبژاردنە دوور لە مەترسی تەقینەوەو كاتیۆشا و بۆمبی چێنراو بەڕێوەدەچێت و یەكەم تێستكردنی مەزاجی خەڵكە پاش قۆناغی داعش.

 

• ڕەنگە خۆری زۆربەی هێزە تەقلیدییەكانی سوننە ئاوا ببێت، یان دەموچاوی نوێ یان دۆستانی شیعە لە تكریت و ڕومادی و موسڵ سەر بكەون.

 

• هیچ لیستێك چاوەڕێی 55 كورسی زیاتری لێ ناكرێت، هیچ حزبێكیش ڕەنگە نەگاتە 25 كورسی، ئەمەش هاوپەیمانێتی پاش هەڵبژاردن دەكاتە حەتمی و دانوستانی پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆزتر دەكات.

 

• لە ڕووی هونەریشەوە لەوەدا جیاوازە كە یەكەمجارە تەكنیك بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكانی بەكاربهێنرێت و بڕیارە لەماوەیەكی كورتدا ئەنجامەكان ئاشكرا بكرێت.