دوای ساڵێك بەبێ نەوشیروان مستەفا چی گوزەرا؟

19-05-2018 01:54

 

ساڵێكی ڕۆژ ژمێرییە سەركردەی دوربین، بەئاگا‌و مێژوویی نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕێكخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێك لەسیاسیە هەرە دیارەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كورد كۆچی دواییكردوە، بەكۆچكردنیشی بۆشاییەكی گەورەی دروستكرد لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق بەگشتی‌و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.

 

لەدوای ساڵێك بەسەركۆچی نەوشیروان مستەفادا سێ ڕووداوی گرنگ‌و گەورە ڕوویانداوە كە هەم خاك‌و خەڵكی كوردستانیان توشی تەنگەژەو قەیرانی گەورەكرد، هەم ناو و ناوبانگی هەرێمەكەشیان لەكەداركردو نیشانەی گەورەی پرسیاریشی لەسەر ئەزمونەكەی دروستكرد، كە بریتین لە:

 

ــ دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ هیچ ئامادەكاری‌و زەمینەسازییەكی سیاسی، كارگێڕی، دارایی، یاسایی، سەربازی‌و تەنانەت كۆمەڵایەتیش، وە هێشتا چلەی نەوشیروان مستەفا نەچوبوو، كەچی وەك بڵێیت بەهەلیان زانیبێت بڕیاری ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفرا‌ندۆمیانداو 25-9-2017شیان دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، كە هەردوای پڕۆسەكە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە چەندین ڕێوشوێنی توند لەبەرامبەر هەرێم گیرانەبەرو هەرێمی بۆچەندین ساڵ گەڕاندەوە بۆ دواوە، ئەمە جگەلەوەی كە لەلایەن وڵاتانی دونیاو دۆستانی گەلەكەمانەوە هەموو لێكەوتە خراپەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان بە بەرپرسانی هەرێم وت، بەڵام نەگوێ لەوان گیراو نەحسابیشیان بۆ ڕای پارتەسیاسیەكانی هەرێم كرد لەوبارەیەوە بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان كە دووەم هێزی سیاسی هەرێم بوو.
پڕۆسەكە كرا، بەڵام هێندە لێكەوتەی خراپی بەدوای خۆیداهێنا كە بەچەندین ساڵی تر ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە دۆخی جارانی.

 

ــ لەدوای بیست ڕۆژبەسەر ڕیفراندۆمەكەی كە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاریان لێدابوو، خاك‌و خەڵكی كوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین كارەسات‌و ماڵوێرانی بووەوە و لە 16-10-2017 كە بە شانزەی ئۆكتۆبەر ناسراوە لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا زیاتر لە نیوەی خاك‌و خەڵكی كوردستان ڕادەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق كرانەوە لەكاتێكدا زۆربەی ئەو شوێنانە پێشمەرگەكانی كوردستان بەگیان‌و خوێنی خۆیان ڕزگاریان كردبوون.
ئەم ڕوداوە بێمتمانەییەكی گەورەی دروستكرد لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكان، ئەمەجگەلەوەی بوە هۆی ئاوارەیی و ماڵوێرانیەكی گەورەبەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچە دابڕێنراوانەو ئاسایی بونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە وەك خۆی، زیاتر لەمەحاڵەوە نزیكە.

 

ــ دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ بڕیاردان بۆهەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 بەزوویی‌و بەهەڵەداوان كەوتنە خۆئامادەكردن‌و خۆكۆكردنەوە بۆهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوعێراقەی كە خۆیان وتەنی بودجەی هەرێمیان بڕیوە، دەستوریان پێشێلكردوەو پێكەوە ژیان لەگەڵیدا بۆتە ئەستەم‌و... زۆر ناو و ناونیشانی تریش.

 

بەوەشەوە نەوەستان‌و لەپێناو بەدەستهێنانی كورسی زیاترو پێگەی گەورەتر لەوعێراقەدا گەورەترین ساختەكارییان كرد بۆدزین‌و بردنی دەنگی پارت‌و لایەنەكانی تری هەرێم، چونكە جووت حیزب دەیانزانی تەمەنی سیاسیان لەكۆتایی نزیك بۆتەوەو ئیتر زۆرینەی خەڵكی بە زوڕنای ئەوان هەڵناپەڕێت‌و نایانكەنەوە بەنوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان.

 

دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە كاتێ كە بڕیاری ڕیفراندۆمیاندا دروشمی بای بای عێراقیان بەرزكردەوەو خۆیان وتەنی تازە عێراقیان تەڵاقدا، كەچی دوای چەند مانگێك بەقودرەتی قادر ئەوعێراقەی بای بایی لێدەكرا، لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەرلەلایەن ئەم دەسەڵاتدارانەوە یەك دونیا گزی‌و فزی‌و دزی سەردەمیانەیان كرد تاوەكو كورسیەكی زیاتر بەدەستبهێنن بۆگەڕانەوەو باوەشی عێراقی لای خۆیان تەڵاقدراو.

 

تەنانەت هێندە تەزویرات‌و گزی ئەلیكترۆنی كرا كە پێشنیاركراوە ئەم خولی چوارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناوبنرێت خولی چوارەمی ئەلیكترۆنی.

 

ماوەتەوە بڵێین لەدوای كۆچی نەوشیروان مستەفا بەساڵێك ڕووداوگەلێك لەهەرێمدا ڕوویاندا كە جگەلەوەی هەرێم‌و ئەزمونەكەی گەڕاندەوە بۆدەیان ساڵی تر، دۆخێكیشیان دروستكرد كە مرۆڤەكانی ناوی نە هەست بەئارامی دەكەن نە دڵنیان لە ئایندەی خۆشیان.
چونكە لەهەرێمێكدا ژیان دەگوزەرێنن كە دەسەڵاتدارەكانی ناوی بۆڕیفراندۆم‌و جیابونەوە لە عێراق گزی‌و فزی‌و ساختەكاری بێوێنەو بێشومار دەكەن‌و بۆگەڕانەوەو باوەشیشی گزی‌و ساختەكاری ئەلیكترۆنی دەكەن.