ماڵ ئاوا كاكە عادلی براو هاوڕێم

20-05-2018 05:18

 

ئەمڕۆ بە دڵ مات ‌و غەمگینم بۆ كۆچی دوایی هاوڕێی شیرین و لە برا زیاترم كاكە عادل موراد. ئەو ئازیزەی كە ساڵانێكە مەرگ هەڕەشەی لێ دەكات، بەڵام ئەم بە ورەیەكی بەرزەوە بەرەنگاری دەبووەوە، ئەو عادلە خۆشەویستەی كە هەستی بكردایە شتێك ئەیهەژێنێ و خەمی پێ ئەخوا، خێرا ئەهاتە لانەكەی من و كە بە دیداری شاد دەبووم خۆی دەیوت: خەمەكانم لەم ماڵەدا زوو دەڕەوێتەوە.

 

لەم كاتەدا و لە ئاوابوونی چوارەمین ئەستێرە گەشەكەی كە ساڵی حەفتاو پێنج لە شام هەڵهاتن و بەرودوا بەجێیان هێشتین چی بڵێم زیاتر لەوەی كە بە تەنیاو لەگەڵ خۆمدا فرمێسكی حەسرەتت بۆ هەڵبڕێژم، ئەی پیاوە دڵسۆزە بەوەفاكەی ساڵانێكی تەمەنم.

 

بەڵێ.. ئەمڕۆ هاوڕێ نزیكەكانم، مام جەلال و د.كەمال فوئاد و كاك نەوشیروان وا چوارەم ئەستێرەی دەستەی دامەزرێنەریش كوژایەوە وا ئەو سوارچاكەی مەیدانی خەبات و پەیوەندیی بەهێزو دیپلۆماتكارو ڕۆژنامەنووس و سەركردە بەناوبانگەكەی قوتابیانی كوردستان لە حەفتاكاندا، وا ئەمڕۆ ئیتر مەرگ زەفەری پێ بردو ونی كرد لەبەر چاومان، كاكە عادلەكەی خاوەن ئەزموون هاوڕێ دێرینەكەی كاك عەدنان و بەندەو برادەرە خۆشەویستەكەی سەرجەم خۆشەویستانت..

 

ماڵ ئاوا دڵنیا بە هەمیشە لە یادەوەریماندای.

 

عادل موراد، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەو حزبە، ڕۆژی 18-5-2018 لە ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، بڕیارە ڕۆژی هەینی 25-5-2018 تەرمەكەی بگاتەوە سلێمانی.