ڕێگای بەدیموكراتیزەبونی هەرێم بە بەغداددا ڕەتدەبێت

07-06-2018 03:44

 

ڕێگای دیموكراسیبونی هەرێمی كوردستان بە بەغداددا تێپەڕدەبێت. سەركەوتنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا، پەیوەستە بە سەركەوتنی دیموكراسی لە عێراقدا. هەرێمی كوردستان ناتوانێت دیموكراتیك بێت ئەگەر بەغداد دیموكراتیك نەبێت، بۆیە كاركردنی جدیتر بۆ دیموكراتیزەكردنی عێراق، گارەنتی سەركەوتنی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن دەكرێت پشتیوانیی بەغداد بەكاربێنن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەتەگەرایی ئابوری، تاكڕەویی سیاسی و حوكمی میلیشیایی حزبی لە هەرێمی كوردستان. بەغدادێكی دیموكراتیك نەك بەغدادی ئەل-مالیكی و هادی ئەل-عامری. هەر بۆیە، گرنگە جدیتر لە بەغداد كاربكەن، هەروەك چۆن بینیمان كاریگەرییان هەبو لە بەغداد.

 

هەر بۆ نمونە، بۆ ڕزگاركردنی پێشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیس لە چنگی حزب و بنەماڵە و سیاسییەكان، پێویستە فشارەكان لە بەغداد زیادبكرێن لەسەر حكومەتی هەرێم. پێویستە پێشمەرگە سەر بە سیستمی بەرگری عێراقی بێت. بەو ڕێگایە نەبێت، ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت هێزی میلیشیای حزبی و ئاسایشی حزبی بكاتە هێزێكی نیشتیمانی. ئەو هێزە میلیشیا و ئاسایشە حزبییانەش، هەمیشە مەترسییەك دەبن لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی، خودی ئۆپۆزسیۆن و دیموكراسیی. دیموكراسی هەرگیز سەركەوتو نابێت لە كاتێكدا میلیشیای حزبی هەبێت.

 

تەزویری هەڵبژاردن و بڕیارەكانی پارلەمان باشترین نمونەن كە بەغداد دەتوانێت فشارێكی بەهێز بێت لەسەر هەرێم بۆ چاكبون.

 

ئەوەی لە تەخوینی خیانەتكاران دەترسن، هەرگیز ناتوانن گۆڕانكارییەك ئەنجامبدەن، بۆیە؛ نابێت ئۆپۆزسیۆن لەوە بترسێت لەلایەن هێز و كەسانێكەوە تەخوینبكرێت، مەگەر هێزێك هەیە لە هەرێمی كوردستان هێندەی تەنها ڕۆژێكی ئەو هێز و كەسانە خیانەتیان كردبێت؟