ڕێككەون پێش باهۆزەكە

12-06-2018 05:22

 

ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن، دوای ڕێككەوتنی ترامپ و كیم جۆن ئون، گرنگی زیاتری ئەمەریكا بۆ ناوچە گەرمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، واتە دەستێوەردانی ئەمەریكا لەو ناوچانەی، كە كێشەی زۆری تێدایە ئەگەری بەهێزە و ڕەنگە بەزوویی هەندێك گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئەمەریكا لەكوردستان و عێراق و سوریا ببینین.

 

بۆ ئەمەریكا گرنگ بوو پێش ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ ئێران بەجێگەیەك بگەیەنێت، لەگەڵ كوریای باكوور هێوری بكاتەوەو ڕێككەوتنێك هەبێت.

 

ترامپ چاوی لەسەر ئەوەیە لەڕێگەی سەرمایەی نووستووی وڵاتانی كەنداوەوە، باری ئابووری وڵاتەكەی چاك بكات و لەو ڕێگەیەوە بەرنامە ئابوورییە جەهەنەمیەكەی لەسەر ئەرزی واقیع بخاتەگەڕ، باشترین ڕێگەش بۆ دەستڕاگەیشتنی بە پارەو نەوت و غازی كەنداو دروستكردنی ئاڵۆزییە لەگەڵ ئێران تا ترسی ئێران كلیلی كردنەوەی خەزینەی وڵاتانی كەنداو بێت بەڕووی ئەمەریكادا.

 

عێراق لەم دۆخەدا كە حەوشەی پشتەوەی ئێرانە، بەهۆی قبوڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكان و كاری ساختەكاری و گۆڕینی نەخشەی حوكمڕانی، ڕووی لە پشێوی و ئاڵۆزی كردووە، ئەمەش فرسەتێكی باش دەدات بە هێزە هەرێمایەتییەكان بۆ دەستتێوەردان، لەشكركێشی توركیا و ڕێككەوتنی ژێربەژێری لایەنەكانی تر تەنانەت سوننەو شیعە، كە لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا هەردوولا خاوەنی خۆیان هەیە لەناوچەكە، تەریككردنەوەی كوردی لێدروست دەبێت و ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵە نەكرێت ئەگەری ئەوەش بەهێز دەبێت ئاگری شەڕ بهێنرێتە هەرێمی كوردستانەوە.

 

خولاسەی كەلام ئەوەیە، ئێستا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نەك تەبا نین و بەرچاو ڕونییان نییە بۆ ئەم دۆخە مەترسیدارە، تەنانەت هەندێكیان دەیانەوێت ڕۆڵی بكەریشیان پێبدرێت لەم ئاڵۆزییەدا.

 

بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە پێش ڕوودانی باهۆزەكە پەلەبكرێت بۆ دروستكردنی تەفەهوماتێكی سیاسی، دەنا بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئاگری ئەم شەڕو ئاڵۆزییە پێش هەركەس و لایەنێك ئەوانە بسوتێنێت، كە خۆیان بە بەهێز و خاوەن بڕیار دەزانن لەهەرێمی كوردستان و ئەوكاتە هەموو شارو ناوچەكانی هەرێم بەناوی پارێزگاری كردنەوە بەدەردی كەركوك بچێت.