هەقیقەتێكی تاڵ

25-06-2018 04:23

 

ژیانكردنی 700 ساڵ لە ناو توانەوەو تەتریكا، ژیانكردن لە نێو ئاگری فاشیزمی توركا، لە نێو جینۆ سایدو سڕینەوەدا، لە نێو دۆخێكدا كە قسە كردن و گۆرانی وتنیش كفر بێت و سزای لە سەر بێت، لە وڵاتێكی ستەمكاردا كە "بەختەوەر ئەو كەسەبێت بڵێ‌ توركم" شكاندنی كۆت و بەندەكان ئاسان نیە، نزیكەی 700 ساڵ لە سڕینەوە، لە پرش و بڵاوكردنەوەو كوشت و بڕ، لە گۆڕینی ناوی شوێن و خەڵك و ماڵبات و دەشت و دەرو گوندو شارۆچكەو ئاوەدانی، تێپەڕاندنی بەربەستی 10 %و هێنانی نزیكەی 6 ملیۆن دەنگ، ئەمە سەركەوتن نەبێت ئەی چی سەركەوتنە.

 

دیارە خەونی ئێمە، ئومێدی ئێمە، هەڵبەت پێشبینی ئێمەش زیاترو جیاوازتر بوو لە ئاكامەكە، بەڵام خەون و ئومێد و پێشبینی لە وڵاتێك و لە شوێنێكا كە تەزویرو ساختەو فرت و فێڵ نەبێت، بە تەزویرو ساختەو فرت و فێڵیشەوە براوەكە هێشتا لە دۆڕاوێكی ناشرین دەچێت، سەركەوتنی ڕاستەقینە لە نێو ئەو كەش‌و هەوایەدا شكاندنی بەربەستەكەیە، شكاندنی ئەو بەربەستەی هەموو شتێك كرا بۆ ئەوەی خەڵك زارەترەك كەن‌و بیترسێنن، خستنەگەڕی ئەرتەش، پەلاماری شاخ و داخ و گوند، ڕاگەیاندنی ناوچەی یاساغ، بە تیرۆریست نیشاندانی كورد، گرتنی هەزاران ئازادیخواز بە نێوی جوداخوازەوە، وێناكردنی توركیا وەك زیندانێكی گەورەی ئازادی، هەموو ئەمانە بۆ ئەوەی ڕێگری لە شكاندنی بەربەستەكە بكرێت، بەڵام هێنانی زیاتر لە 11%ی دەنگەكان، دەنگدانی 6 ملیۆن مرۆڤ بە هەدەپ، ئەوە ئەوپەڕی سەركەوتنە، شەش ملیۆن، ئەم ژمارەیە لە 60 دەوڵەتی سەرگۆی زەوی زیاترە، یانی بە قەد ژمارەی دانیشتوانی قیرغیستان، ئاخر لەسەر گۆی زەوی 50 وڵات ژمارەی دانیشتوانی لە ملیۆن‌و نیو كەمترە، نمونەی قوبرس و جیبۆتی و لۆكسەمبۆرگ و تادوایی، ئەو ژمارە دەنگدەرە لە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی پێشكەوتوی وەك دانیمارك، فنلەندا، كرواتیا، كوەیت‌و نمونە گەلی دیكە زیاترە، ئەی سەركەوتن چیە؟.

 

700 ساڵە هەموو شتێك قەدەغە دەكرێت، سەدان ساڵە خانی‌و جزیری و فەقێی تەیران و ئەحمەد عارف و بنەماڵەی بەدرخانیەكان و شەمزینیەكان و دەرسیمیەكان و عەلەویەكان و زازاییەكان قوربانی بۆ پاراستنی زمان و مانەوە ئەدەن، لاتان وایە ئاسانە دوای 700 ساڵ شەش ملیۆن دەنگدەر بڵێ‌ ئیتر بەسە، شەش ملیۆن دەنگدەر داوای ئاشتی و دیموكراسی بكات، لە نێو گەلە جاش و خۆ فرۆش و خاكفرۆشدا ئەم ژمارەیە پەرجووە، جێی شانازییە نەك گلەو گازندە، پێویستە هەموو حزبەكانی كوردستان، نوسەران و ڕۆشنبیران ، بیرمەندان و ئاوەزداران پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە بكەن.

 

هەقیقەتەكە ئەوەیە لە نێو ئەو دۆزەخەدا ئەم سەركەوتنە بەدی هاتووە.